مەسعود حەیدەر: بەهۆی پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی نیو ساڵی دەوڵەت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواکەوتووە
K24 – هەولێر:
بريكارى وەزارەتی دارایی فیدراڵی ڕایگەیاند: پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی دەوڵەت بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتووە.
12ـی ئابی 2024، مەسعود حەیدەر، بريكارى وەزارەتی دارایی فیدراڵی ڕایگەیاند: بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان، دیوانی چاودێریی دارایی پێداچوونەوە بە خەرجی دەوڵەت دەکات بۆ ھەموو مانگەکانی یەک ھەتا مانگی شەشی 2024 (خەرجی نیو ساڵ) بەوانەی ھەرێمی کوردستانیشەوە، پێداچوونەوەکە بەردەوامە.
مەسعود حەیدەر ئاماژەی بەوەشکردووە: فەرمانگەی موازنە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی، ھەوڵی تەواو دەدەن بۆ تەواوکردنی پێداچوونەوەکان لە کەمترین ماوەدا و داواکردن لە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.
هەروەها بريكارى وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئاماژەی بەوەشکردووە: گرنگە وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە زووترین کات لیستی مووچەی مانگی ھەشت، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات، بە تەواوبوونی پێداچوونەوەی مانگەکانی پێشوو، لە مانگەکانی داھاتوودا مووچەی ھەرێم دواناکەوێت.
مەسعود حەیدەر جەختی کردووەتەوە: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشە و گرفتێکی نییە و دەنێردرێت و لە مانگەکانی داھاتوو کێشەی نابێت.