عەلی تەتەر: بڕیارمانداوە هەرچی زووە هەموو پرۆژە خزمەتگوزارییەکان تەواو بکرێن

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک تایبەت بە کوردستان24 ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیران بڕیار لە سەر خەرجکردنی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار داوە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارۆچکەکانی ئاکرێ و بەردەڕش و شارەدێی و گوندەکانی دەوروبەریان.
پارێزگاری دهۆک لە کاتی بەسەر کردنەوەی گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئەو زەویانەی بە کەسوکاری شەهیدانی ئاکرێ دراوە گوتی: ئەو پارچە زەوییانەی بۆ خانەوادەی شەهیدان تەرخانکراوە بەشێوەیەکی ئەندازەیی و خێرا پرۆژە سەرەکییەکانی خزمەتگوزاریی ڕێگە، ئاو و کارەبا بۆ سەر زەوییەکان ڕاکێشراوە، هەرچەندە هەر چییەک بۆ خانەوادەی شەهیدان بکرێت هێشتا هەر کەمە.
گوتیشی: سەردانی شارەدێی ڕۆڤیامان کردووە لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیران پارەی پێویست خەرجکراوە بۆ تەواوکردنی چووتسایدی ڕۆڤیا و بەستنەوەی ڕێگەی سەرەکی ئاکرێ و دهۆک، هەروەها سەرۆکوەزیران بڕیاریداوە بە بەهای پێنج ملیار و 500 ملیۆن دینار چەند پرۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنووری هەردوو شارۆچکەی ئاکرێ و بەردەڕەش جێبەجێ بکرێن.
عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لە لێدوانەکەیدا ئاماژەیدا، چەند پرۆژەیەکی دیکەی تەواوکراو لە شارەدێی گردەسێن کرانەوە و خرانە خزمەتی هاووڵاتییان کە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی وکردستان جێبەجێکراون، گوتیشی: ئەو پرۆژانەشی ماون بڕیارمانداوە هەرچیی زووە تەواو بکرێن و بخرێنە خزمەتی هاووڵاتییان، کە بەشێکیان دەکەونە سەنتەری شارۆچکەی ئاکرێ و شارەدێی بجیل و دینارتە و گوندەکان.