قایمقامی هەولێر: لەمەودوا کەس ناتوانێت سیمکارتی نایاسایی بفرۆشێت
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی سیمکارتە نایاساییەکان ڕایدەگەیەنێت: لەمەودوا کەس ناتوانێت لەسەر عەرەبانە و سەرمێز و ناو بازاڕ و دوکان، سیمکارتی نا یاسایی بفرۆشێت، ئەو هەڵمەتەش لەپێناو بنبڕکردنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانە.
چوارشەممە 21ـی ئابی 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 2021، داوا لە پارێزگا و یەکە ئیدارییەکان کرا ڕێگریی لە سیمکارتی بێ مۆڵەت بکەن، سەرەتا بڕیارەکە بە ئاگەدار کردنەوە بۆ فرۆشیاران و کڕیاران دەستی پێکرد، دواتر هەڵمەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی سیمکارتی بێ سەرەتا چووە واری جێبەجێ کردن، دەڵێت: ئەو سیمکارتانە دەتوانرێت تاوانی پێ ئەنجام بدرێت، بۆیە لە هەڵمەتێکدا دەستمان بەسەر هەزاران سیمکارتدا گرت.
قایمقامی هەولێر ئاشکرای دەکات، ڕێژەی تاوانی ئەلیکترۆنی دوای ئەو هەڵمەتە کەمبووەتە کە پێشتر کێشەی زۆری کۆمەڵایەتیی دروست کردبوو، دەشڵێت: لەمەودوا کەس ناتوانێت مامەڵە بە سیمکارتی نایاسایی بکات، تەنها لەو هەڵمەتەدا 26187 سیمکارتی نایاسایی دەستی بەسەردا گیراوە و بەدواداچوونیش بۆ ئەو جۆرە سیمکارتانە بەردەوامە.
نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت: چاودێریی بازاڕەکان دەکەین، چەندین کەس لەسەر سیمکارتی نایاسایی دەستگیرکراون، هەر کەسێک سیمکارت لەهەر شوێنێک بفرۆشرێت، پێویستە یاسایی و مۆڵەتدار بێت، دەمانەوێت ئەو بڕیاڕە وەکو خۆی جێبەجێی بکەین، دەشڵێت: پێویستە ئەو بڕیاڕە لە تەواوی شارەکان ئەو بڕیاڕە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی کێشەکان بنبڕ بکرێت.