دژە تیرۆری کوردستان: بەرپرسێک و دوو چەکداری پەکەکە بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە لە سنووری سلێمانی کوژران

دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی بۆردومان کرد، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا سێ کەس کوژران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 23ی ئابی 2024، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی تەپەڕەشی قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی بۆردومان کرد، کە بەهۆیەوە بەرپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی یاوەری کوژران.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لەوبارەوە ڕایگەیاندبوو، درۆنێک لە نزیک شەقامی سەیدسادق بۆ هەڵەبجە، ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی بۆردومان کردووە بەڵام زیانەکانی دیار نییە.
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کە ئەوکات ئاشکرای کرد، ئۆتۆمبێلەکە سێ سەرنشینی تێدا بووە، دوانیان کوژراون و یەکێکیشیان بەسەختی بریندارە.
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیا لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا 38 چەکداریان کوشتووە کە زۆربەیان سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد "ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2024ەوە کوژراون گەیشتووەتە هەزار و 763 کەس، لەوانە 868 کەسیان لە هەرێمی کوردستان و 895 کەسیان لە باکووری سووریا بوونە".
