گوڵیزار گەردەنزەری: ئەمساڵ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداریی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ بکەن

گوڵیزار کەرەم گەردەنزەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە
گوڵیزار کەرەم گەردەنزەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە

بڕیارە لە ڕۆژانی 18 بۆ 22ـی مانگی داهاتوو؛ چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ، بە هاوکاریی مێدیایی کوردستان24 بەڕێوە بچێت.

چوارشەممە، 28-08-2024، گولیزار گەردەنزەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "فێستیڤاڵەکەمان بە بەشداریی 38 فیلم بەڕێوە دەچێت؛ لە فیلمە درێژەکان، حەوت فیلم و هەشت بەڵگەفیلم هەڵبژێردراون، هەروەها لە کورتەفیلمیش، 14 فیلم و نۆ بەڵگەفیلم دەستنیشان کراون".

گەردەنزەری باسی لەوەش کرد "18 لەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵەکە نمایش دەکرێن، لەلایەن دەرهێنەرانی باشووری کوردستان، 15 لەلایەن دەرهێنەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، 9 فیلم لەلایەن دەرهێنەرانی باکووری کوردستان و فیلمێکیش لەلایەن دەرهێنەرێکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرهەمهێندراون".

گەردەنزەری پێیوایە هاووڵاتییان لە ڕووسیا، ئەورووپا و هەر چوار پارچەی کوردستان، بۆ تەماشەکردنی فیلمەکان بەشداریی چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لە مۆسکۆ دەکەن.

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە ڕوونیشی کردەوە "لە فێستیڤاڵەکەدا چوار خەڵات دابەش دەکەین و دەدرێن بە باشترین فیلمی درێژ، بەڵگەفیلمی درێژ، فیلمی چیڕۆک و بەڵگەفیلمی درێژ". گوتیشی:خەڵاتێکیش بەو کەسە دەدرێت کە خزمەتێکی بەرچاوی هونەر و سینمای کوردی کردووە، ساڵی ڕابردوو بۆ جاری یەکەم خەڵاتەکەمان دابەش کرد و بە میوزیکژەن فەرید ئیلهاممان دا.

وەکو ئەوەی گەردەنزەری باسی کرد "ئامانجی یەکەمی فێستیڤاڵەکە خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی دۆزی کوردە؛ ئەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێن، یان دەرهێنەریان کوردە یان باس لە کێشەی کورد، فەرهەنگ و مێژووکەی دەکەن".

گوتیشی: لە سێیەم فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ، کە ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو، وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتەکە بەشدارییان کرد و دەستخۆشییان لێمان کرد.

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "ساڵانی ڕابردوو بە هۆی کێشەی ڤیزا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان نەیاندەتوانی بەشداریی فێستیڤاڵەکە بکەن، بەڵام ئەمساڵ لە ڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی ڕووسیا هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر کردووە بۆ ئەوەی ڤیزا بە میوانانی فێستیڤاڵەکە لە هەرێمی کوردستان بدات و کێشەکە چارە کراوە".

گەردەنزەری ئەوەشی خستەڕوو:ئەمساڵ سەرنجی وردی خستووەتە سەر فیلمەکانی تایبەت بە ئێزدییەکان و ئایینی دێرینی میزۆپۆتامیا و ئەم چەمکە لە پۆستەری فێستیڤاڵەکە ڕەنگی داوەتەوە و ناوەڕاستی پۆستەرەکە، پەڕی تاوسە، کە هێمایەکی بەهێزە بۆ گەلی کورد، بەتایبەت لە چوارچێوەی ئایینی ئێزدیدا کە ئایینێکی دێرینی کوردە و ئەمەش تیشک دەخاتە سەر گرنگی پاراستن و پێشخستنی فەرهەنگی کورد لە ڕێگەی سینەماوە.

هەروەها باکگراوندەکەی ئەو باڵاپۆشانە دەهێنتەوە یاد کە ئافرەتانی کورد بەشێوەیەکی نەریتی دەیپۆشن. ئەم هێمایە جەخت لەسەر پەیوەندی لەگەڵ فەرهەنگ و نەریتەکان دەکاتەوە، کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە، ئەمانەش قسەی گولیزار گەردەنزەری بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بوون.

یەکەمین وەشانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی مۆسکۆ، لە ساڵی 2021 بە  هاوکاری مێدیایی دامەزراوەی کوردستان24 بەڕێوەچوو. هەروەها بۆ خولی دووەم و سێیەمی فێستیڤاڵەکەش، دامەزراوەی کوردستان24 هاوکاری میدیایی فێستیڤاڵەکەی کرد.

کوردستان24 بەشێوەیەکی دروست و بابەتیانە و بەپێی پڕەنسیپی بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی، ئەمساڵیش ڕووماڵی کار و چالاکییەکانی چوارەمین وەشانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی مۆسکۆ دەکات.

 

 

Fly Erbil Advertisment