بەهۆی ڕێککەوتنی غەززەوە، دەنگە دەنگ لە نێوان ناتانیاهۆ و گالانت دروست دەبێت
ماڵپەڕی ئەمەریکی ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە، دوێنێ هەینی "دەمەبۆڵە" لە نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگرییەکەی لە میانی کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیدا ڕووی داوە.
ئەو سەرچاوەیە لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، گالانت لە میانی کۆبوونەوەکەدا داوای کردووە بەزووترین لەگەڵ حەماس ڕێک بکەون.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە تەنها پەیوەست نییە بە ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵکو "خاڵێکی وەرگەڕانی ستراتیجییە" بۆ ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر حکوومەتی ئیسرائیل ئەو ڕێگایە هەڵبژێرێت کە بەرەو ڕێککەوتن دەبات، ئەوە دەتوانێت گرژییە ناوچەییەکان لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا کەم بکاتەوە و ڕێگە بە هێزەکانی ئیسرائیل بدات کە دووبارە پڕ چەک ببنەوە و بیر لە ستراتیجیی خۆیان بکەنەوە و سەرنجیان لە غەززەوە بگوازنەوە بۆ هەڕەشەکانی دیکەی ناوچەیی .
هەروەها گوتیشی: بەڵام ئەگەر ئیسرائیل ڕێککەوتن هەڵنەبژێرێت، کەواتە سوپای ئیسرائیل لە غەززە تێکەڵاو دەبێت و لە هەمان کاتدا گرژییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر تر دەبێت کە دەبێتە هۆی شەڕێکی ناوچەیی.
لە میانی گفتوگۆکەدا، نەتانیاهۆ هەڵوێستی دانوستانەکان بۆ وەزیرەکان خستەڕوو، هەروەها نەخشەی بڵاو کردنەوەی سوپای ئیسرائیلی بەدرێژایی سنووری نێوان میسر و غەززە پیشاندا و ڕایگەیاند کە لەلایەن تەلئەڤیڤەوە کێشراون و لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە، داواکارییەکەی ئەوەیە کە سوپاکە بە تەواوی بە درێژایی میحوەرەکەی فیلادلفیا جێگیر بێت.
بەرپرسان ئاشکرایان کردووە، لەو ساتەدا گالانت، نەتانیاهۆی تۆمەتبار کردووە بە سەپاندنی نەخشەکان بەسەر سوپادا، هەرچەندە هەڵوێستی ئەوە بووە کە مەترسییەکانی کشانەوەی هێزەکان لە ناوچەکە کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر بارمتەکان.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، دەستێوەردانەکەی گالانت بووە هۆی توڕەیی نەتانیاهۆ، وەزیری بەرگریی بە درۆ تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، دەستبەجێ نەخشەکان دەخاتە بەردەم دەنگدان لە ئەنجوومەنی وەزیران.
گالانت بە هێرشێکی توند وەڵامی ناتانیاهۆی داوەتەوە و پێی گوتووە: وەک سەرۆکوەزیران، دەسەڵاتت هەیە هەر بڕیارێک بتەوێت بیخەیتە دەنگدانەوە، لەوانەش لەسێدارەدانی بارمتەکان.
ناتانیاهۆ و حەوت وەزیری دیکە دەنگیان بە پاراستنی کۆنترۆڵی تەواوی سەربازی میحوەرەکەی فیلادلفیا دا. بەرپرسان دەڵێن گالانت تاکە کەس بووە کە دەنگی دژی بڕیارنامەکە داوە.
ئاکسیۆس ڕوونی کردەوە کە ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە، ناکۆکیی سیاسیی بەردەوام و پەرەسەندووەکان و دوژمنایەتی کەسیی نێوان نەتانیاهۆ و گالانت ئاشکرا دەکات.
ناوبراو زیادی کرد: ئەوەشی خستەڕوو، ناکۆکی قووڵی نێوان ناتانیاهۆ و زۆرینەی ڕەهای دامەزراوەی بەرگری و کۆمەڵگەی هەواڵگری ئیسرائیل نیشان دەدات، سەبارەت بەوەی کە ستراتیجیی ئیسرائیل لە غەززە دەبێ چۆن بێت، ئەمەش لە دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر.
باسی لەوەش کرد،ڕەنگە پێکدادانی نێوان نەتانیاهۆ و گالانت هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاڵۆزتر بکات.