عێراق.. ژمارەی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر تا دێ زیاد دەبن

بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی ئالوودەبووان بەماددەی هۆشبەر لەعێراق، ژمارەی سەردانیکەری سەنتەرەکانی وازهێنان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زۆر دەبن.

دوو لەو توشبووانەی لەناو سەنتەرەکانی بەغدا قسەیان بۆ کوردستان24ـی کرد، کە چۆن بەهۆی نەشتەرگەرییەوە ئالوودەی بەکارهێنانی دەرزییەکی پزشکی بووە و نەیتوانی وازبهێنێت، ئەوی دیکەیان هاوڕێکەی ماددەی هۆشبەری بۆ کردووەتە ناو نێرگەلە و ئیتر ئالوودە بووە.

خەونەکان بوون بە هەڵم و خێزانەکان وێرانبوون، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییەکانی ماددەی هۆشبەر لەسەر ئەوکەسانەی بەکارهێنەرین.

عێراق بە ڕوونی بەرزبوونەوەی ژمارەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانی پێوە دیارە. بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بەشێک لەوانەی پێشتر بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەربوون، وازیان لێ هێناوە و پەنایان بۆ سەنتەرەکانی تایبەت بە وازهێنان بردووە لەوانەش ئەم سەنتەرە.

ئەوانەی لێرە چارە وەردەگرن چیرۆکی پڕ ئازار و نەهامەتی دەگێڕنەوە لەوانەش دایکی ڕوەیدا و فاتن، یەکەمیان نزیک بوو لەوەی بەهۆی ئالوودەبوون بە کارهێنانی دەرزییەکی پزشکی هۆشبەر خێزانەکەی بەتەوای لەدەست بدات، لەکاتێکدا دووەمیان وەک خۆی باسی دەکات نەیتوانیووە واز لە حەبێکی هۆشبەر بهێنێت و لەدەستدانی کەسوکار و تەندروستییەکەی ئازاربەخش و نارەحەت بووە.

دایکی ڕووەیدا، ڕزگاربووی ماددەی هۆشبەر، دەڵێت: دوای ئەوەی نەشتەرگەری غودەم کرد، دکتۆر دوو دەرزی دا پێم، ئیتر لەسەر ئەو دوو دەرزیە ئالوودەبووم. دەرزییەکە ناوی ترامالە پێی ئارام دەبوومەوە، ماوەی پێنج ساڵ پێوەی ئاڵوودە بوومە.

فاتن، ڕزگاربووی ماددەی هۆشبەر، گوتی: هاوڕێییەکم گەشتی کرد و دوای ئەوەی گەڕایەوە ماددەیەکی تایبەتی دەرهێنا و نیشانمی دا، دواتر بەبێ ئەوەی بزانم ماددەکەی خستە ناو تووتنی نێرگەلە. بۆ ڕۆژی دووەم زانیم ئەوە ماددەی هۆشبەرە و داوام لێی کرد پێم بدات، تا وام لێهات زیاتر و زیاترم بەکارهێنا. وام لێهات بە کریستاڵ ئارامم نەدەگرت، بەڵکو پەنام بۆ دەرزی هێرۆین برد، دواتریش کابابنتین و چەندین ماددەی دیکەش تەنانەت گەیشتە حەشیش. خەڵک وای دەزانی دۆخم باشە، بەڵام لەپڕ هەموو شتێکم لەدەست دا، هۆکارەکەشی ماددەی هۆشبەربوو.

ئەوانەی لەم  سەنتەرە کار دەکەن باسی ئاڵنگاریی و قورسییەکان دەکەن کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە بەتایبەتی لەلایەن ئەو کەسانەی بەبێ خواستی خۆیان دەیانهێنن.

وەلید حەسەن، بەڕێوەبەری سەنتەری قەنات بۆ ڕاهێنانی کۆمەڵایەتی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی ساڵ و نیوێکە ئەم سەنتەرە کراوەتەوە، نزیکەی نۆ هەزار بۆ 10 هەزار سەردانیکەرمان هەیە، بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەو هەموو سەردانیکەرە دەرمانخانە و کلینکی ڕاوێژکاریمان نییە، ئەوانەی دێنە ئێرە هەندێکیان دەیانەوێت وازی لێ بهێنن و بەخواستی خۆیان دێن، بەڵام بەشێکیان بەزۆری کەسوکار دێن، ئەم جۆرەیان زۆر قورسە.

سەنتەرەکانی وازهێنان لەماددەی هۆشبەر کە بەم دواییانە لە بەغدا کراونەتەوە هەوڵ دەدەن ژمارەی توشبووان بە ماددەی هۆشبەر کەم بکەنەوە، لەکاتێکدا وەزارەتی ناوخۆی ساڵانە هەزاران بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکەن، کە بەم دواییانە بەفراوانی لەکۆمەڵگەی عێراقیدا بڵاو بووەتەوە.

Fly Erbil Advertisment