هەولێر.. نموونەی باڵای پێشکەوتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 – هەولێر:
هەولێری پایتەخت نموونەیەکی باڵای پێشکەوتنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لە ماوەیەکی کەمدا هەولێر لە شارێکی بچووکەوە بووەتە ناوەندێکی وەبهربەهێنانی جیهانی. 31ـی ئاب بە خاڵی وەرچەرخان و بوون بە هەولێری ئەمڕۆ دادەنرێت، چونکە لەو ڕێککەوتە بەدواوە هەنگاونانی هەولێر بەرەو لووتکە دەستی پێ کرد.
ئەم پێشکەوتنانەی هەولێری پایتەخت لە ماوەیەکی کەمدا و بەپێی پلانێکی ستراتیژی درێژخایەن بووە، بە شێوەیەک سەرباری هەموو قەیرانەکان ئێستەیش؛ کاروانی بەرەو لووتکە چوونی هەولێر بەردەوامە . 31ـی ئاب، خاڵی وەرچەرخانی گەیشتنی هەولێر بوو بەم پێشکەوتنانەی ئەمڕۆ؛ چونکە دوای ئەو ڕێککەوتە، هەولێر بوو بە هەولێری ئەمڕۆ.
هەولێر نەک هەر لە هەرێمی کورستان. بەڵکوو لەسەر ئاستی عێراقیش؛ شارێک نییە لە هیچ ڕوویەکەوە پێیەوە بەراورد بکرێت. ئەم پێشکەوتنە، بە شایەتی خەڵکی نێوەڕاست و باشووری عێراقە. چونکە هەر کێیەک هەولێر دەبینێت؛ دەزانێت 20 ساڵ لە پێش هەموو شارەکانی دیکەی عێراقە.
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەولێر شارێکی گرنگە بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و ئاینە جیاوازەکان، هەروەها ئەو گۆڕانانەی ڕۆژ بەڕۆژ لە هەولێر دەکرێن وەکو پێشوەچوون لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری، زۆر گرنگن.
ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی هەولێر، شارەکەی کردووە بە ناوەندێکی ئابووری جیهانیی. بە شێوەیەک ئێستەیش گەورە وەبەرهێنەرانی جیهان، کێبڕکێ لەسەر دەستکەونی وەبەرهێنان لە پایتەخت دەکەن.
لای خۆیەوە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر، گوتی: هەر شوێنێک ئارامیی، یان ژینگەیەکی گونجاوی تێدا بێت، ئەوە وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی ڕووی تێ دەکەن، ئێستە نزیکەی 4500 کارگە و کارخانەمان لە هەرێمی کوردستان هەیە.
پێشکەوتنی هەولێر لەو ماوە کەمەدا. ناحەز و دوژمنانی شارەکەی پەست کردووە و ناڕەوایانە شارەکە بە ئامانج دەگرن، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت، کە هەولێری پایتەخت یەکێکە لە دیارترین نموونە باڵاکانی حکوومڕانی سەرکەوتوو لە مێژووی ناوچەکەدا.