ئۆستن بۆ هاوتا ئیسرائیلییەکەی: بەڵێن بێت لێپێچینەوە لەگەڵ حەماس بکرێت
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، سوێندی خوارد لێپێچینەوە لە بزووتنەوەی حەماس بکات.
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یوئاڤ گالانتی هاوتا ئیسرائیلییەکەی، دوای ئەوەی تەرمی شەش زیندانی لە کەرتی غەززە دۆزرانەوە و هاووڵاتییەکی ئەمەریکیشیان تێدا بوو، سوێندی خوارد "لێپچینەوە لە حەماس بکات".
پنتاگۆن ڕایگەیاند، ئۆستین داوای لە گالانت کردووە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری ئەو شەش قوربانییە دەکات و تووڕەیی خۆشی دژی حەماس دەربری.
ئۆستین دووپاتی کردەوە، پێویستە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر تاوانەکانیان، جگە لەوەش هەردوو وەزیر جەختیان لە پابەندبوونی هاوبەشیان کردەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست بە خێرایی بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی هەموو ڕفێنراوەکان.
هەروەها ئۆستین، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ئەو سێ پۆلیسە ئیسرائیلییە کرد کە لە هێرشێکدا لە نزیک شاری هێبرۆن کوژران.
لای خۆیەوە سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، عیزەت ڕەشق، دووپاتی کردەوە، ئەوان بەرپرسیارن لە مردنی ئەو بارمتانەی لە ژێر دەستی حەماسن، ئیسرائیل بەردەوامە لە داگیرکاریی و پێداگری لەسەر درێژەدان بە شەڕی جینۆساید و خۆدزینەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئیدارەی ئەمەریکاش بەهۆی لایەنگری و پشتیوانی و هاوبەشیی لەم دەستدرێژییەدا بەشدارە.
ڕەشق، جەختی کردەوە ئەو بارمتانە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلییەکان کوژراون، جگە لەوەش حەماس زیاتر لە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە خەمی ژیانی بارمتەکان بووە، هەروەها بە پێشنیاری ئاگربەست ڕازی بووە، بەڵام نەتانیاهۆ ڕەتیکردووەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستەی ئەمەریکا و کامالا هاریس ڕکابەرەکەی و جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی کوشتنی شەش زیندانی ئیسرائیلی لەنێویاندا هاووڵاتییەکی ئەمەریکیی هەیە، دەستەکانیان بە خوێن سوورە.
بەرە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 1ـی ئەیلوول لەنێو یەکێک لە تونێلەکانی شاری ڕەفەحی باشووری غەززە تەرمی شەش بارمتە دۆزایەوە کە یەکێکیان هاووڵاتییەکی ئەمەریکییە.
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل دەڵێ: پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە بارمتەکان لە ماوەیەکی کورت بەر لەوەی بدۆزرێنەوە، لەلایەن چەکدارانی حەماس گولـلەباران کرابوون.
لای خۆیەوە ڕۆژنامەی "تايمز ئۆف ئیسرائيل" بڵاوی کردووە، ئەگەر هەیە کوژرانی بارمتەکان بۆ ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ بەر لە دۆزرانەوەیان بگەڕێتەوە.
هەر لە بارەی ئەو شەش بارمتە کوژراوە، عیزەت ڕەشق، سەرکردەی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، بەرپرسیارێتی مردنی بارمتەکان لە ئەستۆی ئیسرائیلە، چونکە هیچ خواستێکیان بۆ ئاگربەست نییە.
ناسنامەی بارمتە کوژراوەکان وەک ئەوەی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە:
کەرمل جات 39 ساڵ
عێدان یەروشمالی 24 ساڵ
هێرش گۆلدبێرگ پۆلین 23 ساڵ و هاووڵاتیی ئەمەریکی
ئەلێکسەندەر لۆبانۆڤ 32 ساڵ
ئەلمۆگ سارۆسی 26 ساڵ
عەریفی یەکەم – ئۆوری دانینۆ 25 ساڵ
بەرەبەیانی یەکشەممە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دۆزینەوەی تەرمی شەش ڕفێندراوی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، ئاماژەی داوە، کە دڵنیابوونەتەوە یەكێک لە بارمتە کوژراوەکان جوویەکی بە ڕەچەڵەک ئەمەریکییە.