وەزارەتی دارایی مووچەخۆرانی بەشدار لە "هەژماری من" ئاگادار دەکاتەوە
مووچەخۆرانی بەشدار لە پرۆژەی "هەژماری من"، دەتوانن ڕۆژی چوارشەممە، مووچەی مانگی تەمموزیان وەربگرن.
دووشەممە، 02-09-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەموو ئەو مووچەخۆرانەی ناویان لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار کردووە، دەتوانن ڕۆژی چوارشەممە، 04-09-2024، مووچەی مانگی تەمموزیان وەربگرن.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی لەوەش کرد، ئەگەر لە لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز، مووچەی ئەو وەزارەتانەی بەشدارن لە "هەژماری من" کەوتبێتە ڕۆژی پێنجشەممە، 05-09-2024، مووچەخۆرانی ئەو وەزارەتانە، دەتوانن ڕۆژی چوارشەممە، 04-09-2024، لە ڕێگەی ئامێرەکانی ATMـەوە مووچەکانیان ڕابکێشن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا، نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەی مانگی حوزەیرانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی 'هەژماری من'ـەوە وەرگرت.
هەشت بانک لە پرۆژەی 'هەژماری من' بەشدارن
بهپێی ئامارەکانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، تاوهكو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.
ژمارەی بانکە بەشدارەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لەخۆ دەگرێت.