هەفتەی داهاتوو 520 وەرزشوان و راهێنەر خەڵاتی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی وەردەگرن

مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو خەڵاتە داراییەكانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دەگاتە دەستی وەرزشوانە پاڵەوانەكانی كوردستان كە ژمارەیان 520 كەسن و لە یاریزانان و راهێنەران پێكهاتوون.

دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رەزامەندی دا بە بەخشینی خەڵاتی دارایی بەو یانە و پاڵەوانانەی، كە لە ئاستی خول و پاڵەوانێتییەكانی ناوخۆ و دەرەوە پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستهێناوە، خەڵاتەكانیش لەسەر ئاستی سەرجەم وەرزشە جۆراوجۆرەكان دەبەخشرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی سەدان وەرزشوان و پاڵەوان، خەڵاتەكان دابەش دەكرێن، ئەو شایستە دارایی و خەڵاتانەش بە هەموو ئەو وەرزشوانانە دەدرێت لەسەر ئاستی كۆمەڵ یان لەسەر ئاستی تاك، ناسناویان لە نێوخۆی كوردستان یان لە ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بەدەستهێنا بێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بەڕێوەبەرایەتی گشت وەرزشی كوردستانی بڵاوی كردووەتەوە، یانەی ئاكرێی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان بڕی 15 ملیۆن دینار وەكو خەڵات وەردەگرێت، یانەی پێشمەرگەی هەولێریش وەكو پلەی دووەم 10 ملیۆن دیناری پێدەدرێت، یانەی شێروانەش خاوەنی پلەی سێیەمی وەرزی رابردوو 8 ملیۆن دینار وەردەگرێت.
بەشێكی دیكە لەو تیپانەی بانگهێشتكراون بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، تیپی فووتساڵی ئافرەتانی هەولێرە كە پاڵەوانی وەرزی رابردووی جامی عێراق بوون، لەگەڵ تیپی فووتساڵی ئافرەتانی دهۆك كە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی كوردستان بوون.
لەسەر ئاستی تۆپی دەستی كچان و بالەی كوڕان لە عێراق، یانەی هەولێر وەرزی رابردوو پلەی دووەمی لە هەردوو خولەكە بەدەستهێنا، تیپی ئافرەتانی هەولێریش لە تۆپی دەستی كچانی عێراق بوونە خاوەنی پلەی سێیەم، ئەوانیش لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەكان ئامادە دەبن.

.