سەرۆکی میسر سەردانی تورکیا دەکات

عه‌بدولفه‌تاح سیسی و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆمارانی میسر و توركیا
عه‌بدولفه‌تاح سیسی و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆمارانی میسر و توركیا

سه‌رۆكی میسر دوای زیاتر له‌ ده‌ ساڵ له‌ پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌كان، سه‌ردانی توركیا ده‌كات، به‌ پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیایش، سه‌ردانه‌كه‌‌ وه‌ڵامێكه‌ بۆ سه‌ردانی ئه‌ردۆغان بۆ قاهیره‌ له‌ شوباتی ئه‌م ساڵدا.

سێشه‌ممه‌، 3ـی ئه‌یلوولی 2024، سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی سه‌ردانی توركیا ده‌كات.

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، سه‌ردانه‌كه‌ له‌ دوای زیاتر له‌ ده‌ ساڵ دێت له‌ پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و هاوكات وه‌ڵامێكه‌ بۆ سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شوباتی ئه‌م ساڵدا بۆ میسر ئه‌نجامی دا.

چوارشه‌ممه‌ 14ـی شوباتی 2024،ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر و له‌لایه‌ن عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆككۆماری میسره‌وه‌ پێشوازی لێ كرا.

ئه‌ردۆغان دوای گه‌یشتنی بۆ قاهیره‌، له‌گه‌ڵ سیسی كۆ بووه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و بارودۆخی غه‌ززه‌ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌یان‌ تاوتوێ كرد.

رۆژی دووشه‌ممه‌ 12ـی شوبات، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دوای سەردانەکەی بۆ ئیمارات و بەشداریکردنی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە میسر و لەگەڵ عەبدولفەتاح، سیسی سەرۆکی میسر لە سەر پەرەپێدان و چالاککردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە لە ئاستی باڵا گفتوگۆ دەکەن.

دوای کودەتا سەربازییەکەی میسر و لە دەسەڵاتلادانی محەمەد مورسی، سەرۆکی پێشووی میسر لە ساڵی 2013، پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر تێک چوو، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و كات ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند (هه‌رگیز ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ سیسی ناكه‌م، چونكه‌ كه‌سێكی نه‌شیاوه‌)، بەڵام چەند بەرپرسێکی باڵای تورکیا کۆتایی مانگی ژانیوه‌ری ئه‌م ساڵ ئاشکرایان کردبوو، کە ئەردۆغان بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی شوبات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سەردانی میسر بکات.