وەزارەتی دارایی: هەولێر و بەغدا هاوڕا بوون لەسەر چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق و هەرێم لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشیان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024 کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان تایبەت بە چارەکردنی کێشە ئابووری و داراییەکانی نێوان هەردوولا بەڕێوە چوو.

لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوە چوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەت ئەو کێشانەی ڕەهەندی دارایی و ئابوورییان هەیە لە سەر بنەمای یاساو دەستوور.         

هەر لە کۆبوونەوەکە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و خاڵەسنووریەکان و ڕێکارەکانی باج گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، هەردوولا هاوڕابوون میکانیزمی هاوبەش بۆ چارەکردنی کێشەکان بدۆزرێنەوە.       

وەزارەتی دارایی جەختی لەوە کردەوە، بڕیارە کۆبووەنەوەکان سبەی دووشەممە درێژەی هەبێت و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشیان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بێت.

Fly Erbil Advertisment