ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق بۆ سەرۆك بارزانی: كۆبوونەوەكانمان لە هەولێر سوودبەخش بوون

دووشەممە، 09-09-2024، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق كرد.
شاندەکە لە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری؛ محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری پلان دانان؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق؛ حەمید نەعیم ئهلغزی، سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق؛ عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی لە وەزارەتەكانی دەرەوە و پلاندانان و دارایی و نەوت و بازرگانی و پیشەسازی و كانزاكان و كشتوكاڵ و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و هەروەها سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بانكی ناوەندیی عێراق و دەستەی ئەوراقە داراییەكانی عێراق پێک هاتبوو.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی "لەو دیدارەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و خەبات لەدژی دیكتاتۆریەت هەبوو، هەروەها ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمیان بۆ سەرۆك بارزانی خستە ڕوو".
هەروەها شاندی میوان، وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، جەختیان لەوە كردەوە "چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان سوودبەخش بوون و مەبەستیانە هەموو لایەك لە كەشێكی پڕ لە متمانە و بە تێڕوانینێكی شەفاف و بنیاتنەر بگەنە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و لابردنی كۆسپەكان".

لە دیدارەکەدا شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادە بوون كە پێكهاتبوو لە وەزیری ناوخۆ، وەزیری دارایی، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەكی دیکە لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
هەر لەو دیدارەدا "سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی باڵای حكوومەتی عێراقی فیدراڵی كرد و هیوای ئەوەی خواست كە ئەو سەردان و یەكتردیتنە ئەنجامێكی ئەرێنی بۆ هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت".
بارەگای بارزانی دەڵێت: لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە سەددەی بیستەم و هەروەها ئەوەشی بە ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە ڕاگەیاند "لە دوای 2003 ئەو چاوەڕوانییە هەبوو كە عێراقێكی تازە بنیات بنرێت كە ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و شەراكەت و دیموكراسی و فرەیی لە ناوچەكەدا".
سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە "خەباتی گەلی كوردستان بۆ چەسپاندنی شەراكەت و مافەكانیەتی و ناكرێ لەبری ڕێزگرتن لە داواكانی گەلی كوردستان و قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران، هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژوویی و خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری كوردستان لە بابەتی مووچەدا بچووك بكرێتەوە یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت".

سەرۆك بارزانی لە درێژەی گوتەكانیدا جەختیشی لەوە كردەوە "باشترین ڕێگە بۆ نەهێشتنی كێشەكان، گرتنەبەری شێوازی لێكتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە".
سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت بۆ چارەکردنی كێشەكان "هەموومان بۆ دەستوور بگەڕێینەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییە بین كە لایەنەكانی هاوپەیمانییەتی ئیدارەی دەوڵەت لەسەری ڕێك كەوتوون".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران سوودانی هەبوو بۆ نەهێشتنی كۆسپەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان و ئەوەشی دووپات كردەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان، لەپاڵ پابەندبوون بە دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسیەكان پێویستە نیازپاكی و ئیرادەیەكی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری كێشەكان هەبێت.