پزیشکیان داوای قەرزەکانی ئێران لە سوودانی دەکات
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە بەغدایە، بڕیارە سێ ڕۆژ لە عێراق بمێنێتەوە و لە سێیەم ڕۆژی سەردانەکەشیدا بێتە هەرێمی کوردستان، سێ دۆسیەی گرنگی ئابووری لە جانتاکەی پزیشکیاندان، گرنگترینیان قەرزەکانی ئێرانە لەلای عێراق.
ئەمە یەکەمین سەردانی مەسعود پزیشکیانە دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، جیا لە گرنگییە سیاسییەکەی، لەڕووی ئابووری و بازرگانییشەوە گرنگییەکی گەورەی هەیە، چوونکە عێراق دەرچەیەکی سەرەکیی ئێرانە بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمەریکا.
سێ گرنگترین پرسە ئابوورییەکان بریتین لە:
یەکەم/ یەکلاییکردنەوەی قەرزەکانی ئێران لەلای عێراق کە پارەی هاوردەکردنی غازی سروشتییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەشێوەیەک کە سەرچاوە مێدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێستە نزیکەی 11 ملیار دۆلاری ئێران لەلای عێراقە، هەرچەندە عێراق دەڵێت: بەشێک لەو پارەیەی خستووەتە سەر هەژماری بانکیی ئێران، بەڵام حکوومەتەکەی تاران نەیتوانیوە پارەکە ڕابکێشێت و بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە ئەو 11 میلیار دۆلارە نەگەیشتووەتە دەستی.
دووەم/ پزیشکییان دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بدات، بەپێی داتا فەرمییەکان لە پێنج مانگی ڕابردوودا ئێران بە بەهای 4.5 ملیار دۆلار کاڵای بۆ عێراق ناردووە، ئەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو 21% زیاترە، پێشبینی دەکرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق بۆ ئەمساڵ 10 ملیار دۆلار تێبپەڕێنێت و ئێران ئامانجییەتی قەبارەی ئەو بازرگانییە بگەیەنێتە 20 ملیار دۆلار.
سێیەم/ هێڵی شەلمچە بەسرە کە هێڵێکی ئاسنینە و هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ساڵی ڕابردوو بەردی بناغەی دانراوە، هێڵەکە بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش بەکاردەهێنرێت، پزیشکیان لە سەردانەکەیدا ئەو پرۆژەیە بەسەر دەکاتەوە و جەخت لە زوو تەواوبوونی دەکاتەوە.