به ڤیدیۆ، پارائۆڵمپیكی ریۆ به بهشداریی 2 وهرزشكاری كورد دهستی پێكرد
رۆژی یەکشەممە كۆڤان حهسهن لە هەڵدانی رم کێبڕکێی بەدەستهێنانی مێدالیای زێڕ دەکات
درەنگانی ئەمشەو پارائۆڵمپیکی ریۆ دێ جانیێرۆ بە بەشداریی ١٧٦ وڵات دەستپێدەکات، گەرچی کوردستان وەکو وڵات بەشداریی ئەم وەشانەی پارائۆڵمپیک ناکات، بەڵام دوو پاڵەوانی کورد لە ریزی شاندی هەڵبژاردەکانی عێراق و ئێران پشکدارن.
کۆڤان حەسەن کە خەڵکی ئاکرێیە و لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی پاڵەوانیەتییەکە دەکات، پێشتر لە پارائۆڵمپیکی لەندەن پلەی چوارەمی بەدەستهێنا، بەڵام بۆ وەشانی ئەمجارە لەبری سێ یاری، تەنیا لە یەک یاریی بەشداریی پاڵەوانیەتییەکە دەکات و دەیەوێت لە هەڵدانی رم مێدالیای زێڕ لەمل بکات و پێشتر لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کوردستان٢٤ رایگەیاندبوو، دەیەوێت مێدالیای زێڕ بەدەست بهێنێت و لە ریۆوە پێشکەشی پێشمەرگەی بکات.
کۆڤان ئێوارەی رۆژی یەکشەممە یاریی هەیە و لە هەڵدانی رم کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی مێدالیای زێڕ دەکات.
سیامەند رەحمانیش وەرزشوانێکی دیکەی کوردە و خەڵکی شاری شنۆیە و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێراندا بەشداریی پارائۆڵمپیکی ریۆ دەکات، سیامەند لە پارائۆڵمپیکی ٢٠١٢ لە بەرزکردنەوەی قورسایی لە کێشی سەروو ١٠٠ کیلۆگرامیدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و مێدالیای زێڕی لەملکرد.
بەڵام ئەم پاڵەوانە کوردە کە لە کێبڕکێیە جیاوازەکاندا خاوەنی ٨ مێدالیای زێڕ و ٢ مێدالیای زیوە، بۆ وەشانی ئەمجارە چاوی لەوەیە ریکۆرد بشکێنێت و بە بەرزکردنەوەی ٣٠٠ کیلۆگرام ناوی لە کتێبی گینیس بنووسێتەوە.
سیامەند سێ رۆژ دوای کۆڤان ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو یاریی خۆی ئەنجام دەدات و لە کێبڕکێی بەرزکردنەوەی قورسایی لە کێشی سەرووی ١٠٧ کیلۆگرامیدا پشکدار دەبێت.
لە ئۆڵمپیکی ریۆ وەرزشوانانی کورد پێنج مێدالیایان بەدەستهێنا و چاوەڕێ دەکرێت لە پارائۆڵمپیکیش دوو وەرزشوانە کوردەکەی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دوو مێدالیا لەمل بکەن، کە هەردووکیان تەمەنیان ٢٨ ساڵانە و لە مانگە پریادەوەرییەکەی کوردان لەدایکبووینە و کۆڤان لە یەکەم رۆژی مانگی ئازار و سیامەندیش لە یەکەم رۆژی نەوررۆز لەدایکبووینە.