بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 درا
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ( 70 )ـی دا.
چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی کردەوە، لەسەر بڕیاری ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی (70) درا.
وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت: خەرجکردنی مووچەی ئەو توێژە وەک کۆتا مانگ هاوشێوەی چەند ساڵی ڕابردوو لەسەر بەرپرسیارێتیی وەزیری دارایی خەرج کراوە و بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی دووی سلێمانی مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت، لەئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و ڕابردووی هێزەکانی حەفتایە کە زیاتر لە( 10) ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارە بکرێت.
دەشڵێت: بەپێی یاسای چاکسازیی، پێویست بوو لە دوای مانگی حەوتی ساڵی ( 2020) ئەو خانەنشینانەی دۆسیەی دروستیان هەیە، دۆسیەکانیان بخرایەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کە ئەوە تێبینیی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانە، نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان مووچە وەربگرێت.