مەعرووف هەرکی: پەیوەندیەکی بازرگانیی باشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ڕایگەیاند، هەر لەساڵانی نەوەدەکانەوە ئێمە پەیوەندیەکی بازرگانیی باشمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە.
مەعرووف هەرکی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر لەساڵانی نەوەدەکانەوە ئێمە پەیوەندیەکی بازرگانیی باشمان لەگەڵ وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە، هەروەها هەرێمی کوردستان بووەتە پردێک کە کاڵای ئێرانی پێیدا تێپەڕ دەبێت بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق.
گوتیشی: لەو سەردانەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ لای سەرۆکی حکوومەت و بەرپرسان، باس لەوە کراوە کە هاروردەی کاڵا و شتومەک بەچ شێوازێک بێت، بۆیە دەبینین هەردوولا ئێستا ڕۆلێکی گرنگیان لە بواری کشتوکاڵدا هەیە.
مەعرووف هەرکی، ئاماژەی بەوەش دا، هاتنی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، نوێ بوونەوەی بازرگانییەکی دیکەیە، چونکە بیرۆکەی نوێی بازرگانی لە نێوان هەردوولا دەگۆڕدرێتەوە.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر دەشڵێت: بازارەکانی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێتەوە، هەموو بازرگانانیش تێیدا بەشدار دەبن، تەنانەت پیشەوەرانی هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری تێیدا دەکەن بەتایبەتی پیشەورەانی هەولێر.