پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆی لوولەیی لە هەردوو سایدی هەولێر-دهۆك جێبەجێ دەكرێت

پرۆژەی ئاوەڕۆ
پرۆژەی ئاوەڕۆ

پڕۆژەیەكی فراوانی ئاوەڕۆی لوولەیی لە هەردوو سایدی سەرەكیی هەولێر-دهۆك لە سێڕیانی گەزنەی كۆن لە شاری هەولێر كە درێژییەكەی نزیكەی پێنج كلیۆمەتر دەبێت، جێبەجێ دەكرێت.

پێنجشەممە 12ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، پرۆژەی  ئاوەڕۆی لوولەیی لە هەردوو سایدی سەرەكیی هەولێر-دهۆك لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەمەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری ئاوەڕۆ بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی ئاوەڕۆكان جێبەجێ دەكرێت.

وەزارەتەکە دەڵێت: پڕۆژەكە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر كە تیمێكی ئەندازیاران و ڕووپێوان بەردەوام چاودێریی قۆناغەكانی بەرەوپێشچوونی پڕۆژەكە دەكەن، جێبەجێ دەكرێت.

دەشڵێت: پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەرۆی لوولەیی بە بۆڕیی جۆری پۆلی ئەسیلین لە هەردوو سایدی سەرەكیی هەولێر- دهۆك لە سێڕیانی ڕێگەی گەزنەی كۆن تا شەقامی 150 مەتری، بە درێژایی نزیكەی 5000 مەتر و بە تیرە و قەبارەی جیاواز (40 و 60 و 80 و 100سم) دروست دەكرێت، ئێستاش كاركردن تێیدا قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و هەوڵ دەدرێت لە نزیكترین كاتدا تەواو بكرێت.