باڵیۆزی کۆریای باشوور: هەرێمی کوردستان دۆستێکی ڕاستەقینەمانە
K24 – هەولێر:
باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق دەڵێت، پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەشەی کردووە ئێستە گەیشتوونەتە ئاستێك بوونەتە دۆستێکی ڕاستەقینە.
چۆی سونگ سوو، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق، بەشداری لە ڕێوڕەسمی 20 ساڵەی دۆستایەتی کوردستان و کۆریای باشوور لە هەولێر کرد و لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ڕایگەیاند ئەو بناغە پتەوەی بنیاتنرا و هەروەها لێكچوونی کولتوور و مێژوومان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئێمەی گەیاندە ئاستێك ناو لەخۆمان بنێین دۆستی راستەقینە.
باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق، ئاماژەی بەوە دا، لە 2004ـەوە لە ڕێگەی بەرەوپێشبردن و جێگرکردنی تیپی زەیتوون و کردنەوەی نووسینگەی کۆیکا و کونسوڵخانەیان لە هەولێر، کۆریا پابەندی تەواوی خۆی بە هەرێمی کوردستان نیشانداوە.
باسی لەوە کرد، بەیەکەوەکارکردنی نێوان گەل و حکوومەتەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، ئەم هاوبەشییە گەشەی کردووە بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری، خەڵك لە هەردوولا پەیوەندییان هەیە و مامەڵە لەگەڵ یەکدی دەکەن.
جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندی کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی رێزلێگرتنی هاوبەش و هاوبەشی لە دیدگای ئایندەیەکی گەشەسەندوو پێناسە دەکرێت. گوتیشی: "خۆمان تەرخان دەکەین بۆ هاوبەشیکردن بە زانیاری و شارەزاییمان تا تواناکانی خەڵكی هەرێمی کوردستان باشتر بکەین."