کەشتیی فڕۆکە هەڵگری "تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت" ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی جێهێشت

پێنتاگۆن ڕایگەیاند، یەکێک لەو کەشتییە فڕۆکە هەڵگرانەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیری کردبوو، بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ناوچەکەی بەجێهێشتووە.

بڕیاری گواستنەوەی کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکە نزیکەی سێ هەفتە دوای ئەوە هات کە لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمەریکا فەرمانی دەرکرد بۆ ئەوەی کەشتی فڕۆکەهەڵگری "تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێنێتەوە، تاکوو هاتنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن بۆ ئەوەی جێگەی بگرێتەوە.

پاتریک ڕایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕۆزڤێڵت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەجێهێشتووە و ئێستە بەرەو ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن دەڕوات.

ئۆستین لە 25ـی ئابدا فەرمانی بە ڕۆزڤێڵت کردبوو لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدا کە حزبوڵڵا سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

کاربەدەستانی ئەمەریکی ترسیان هەیە لەوەی ئێران هەڕەشەکانی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات، لە کاردانەوەی کوشتنی ئیسماعیل هانییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تاران لە مانگی تەمووزدا.

بەرەبەیانی چوارشەممە، 31-07-2024، لە هێرشێکدا لە تارانی پایتەختی ئێران، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس و پاسەوانێکی لە شوێنی مانەوەیان لە تاران کوژران.

هەر چەندە ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام سوپای پاسدران و بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل بە کردنی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.