شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوت و پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەرناردەی نەوتی کوردستان، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دوای کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێم کە لە هەولێر بەرێوەچوو، بڕیاردرا شاندێکی وەزارەتی نەوت سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەو ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز گوتیشی: ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنەوە لەسەر خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکان و پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەرناردەی نەوتی کوردستان، کە تا ئێستە لە نێوان هەولێر و بەغدا کێشەی لەسەرە و نەگەیشتوونە ڕێککەوتن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، دەبێت حکوومەتی هەرێم ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکوومەتی عێراق ڕێگرە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان و دەبێت وەزارەتی نەوتیش چارەی ئەم کێشەیە بکات.
د.سەباح سوبحی، ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستە رۆژی سەردانەکە دیاری نەکراوە و بڕیاریشە شاندەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم کۆ بێتەوە.