ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکات
سەرۆکى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، تاکو ئێستە لیستی کاندیدەکان پەسەند نەکراوە، ئەوە هۆکارێکە بۆ دیاری نەکردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیش ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئەیلوولی 2024، دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هیچ گومانێک لەوەدا نییە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکرێت.
ئەو دادوەرە دەڵێت: بابەتی بانگەشە لیستی کاندیدەکان پەسەند نەکراوە، ئەوە هۆیەکە تاکو ئێستە وادە بۆ بانگەشە دیاری نەکراوە، بەپێی یاسا، پێویستە لیستی کاندیدان دوای ئەوەی وردبینیان بۆ دەکرێت، بەپێی ئەو مەرجانەی کە یاسا دایناوە وردبینی بکرێت، دواتر ئەنجوومەنی کۆمسیاران پشتڕاستی دەکاتەوە بڕیاری لەسەر دەکات کە ئەم لیستە لیستێکی باوەڕپێکراوە ئەمانە کاندیدن بۆ هەڵبژادنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
دادوەر عومەر دەشڵێت: دوای هەموو ئەمانە وادەیەک دیاری دەکرێت بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ڕۆژەکە دیاری دەکرێت، بەڵام بە مەرجێک لە مانگێک کەمتر نەبێت.
هەروەها بەپێی زانیارییەکان دەست کوردستان24 کەوتووە، ڕۆژی سێشەممە 17ـی ئەیلوول کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کۆدەبێتەوە بۆئەوەی ناوی کاندیدەکان پەسند بکات.
لای خۆیەوە مەروان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لەم هەفتەیەدا دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت.
مەروان محەممەد گوتیشی: دوو کاندید کێشەیان هەیە لەم دوو ڕۆژەدا دەبێت کێشەکانیان چارە بکرێ یان لایەنەکانیان کەسی دیکە لە جێگەیان دابنێن، دوای پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان ڕاستەوخۆ دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت.
هەروا ڕایگەیاند، ماوەی بانگەشە تاوەکوو 24 کاتژمێر بەر لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت.
بە گوێرەی وادەی دیاریکراو بڕیارە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و تاوەکوو ئێستا لیست و ناوی کاندیدانی پارتە سیاسی و سەربەخۆکان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق یەکلایی نەکراوەتەوە.
هەروەها بە گوێرەی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و 685 هەزار کەس کارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە .