21 رێگا بۆ راكێشانی گەشتیاری وەرزشی بۆ هەرێمی كوردستان

دكتۆر ئازا کامەران ـ مامۆستا لە زانکۆی سۆران

تێکەڵکردنی وەرزش و گەشتیاری چەمکێکی نوێ نییە لە جیهان، بەڵکو گەشتیاران لە مێژە گەشتیان بە جیهاندا کردووە بۆ بەشداریکردن و بینینی یارییە جیاوازەکانی وەرزشی لە نموونەی یاری تۆپی پێ و خلیسکانێی سەربەفر و شاخەوانی و یارییە ئاوییەکان و ...هتد.
ئەگەر سەرنج بدەین لەم دواییانەدا کەرتی گەشتیاری وەرزشی لە زۆربەی وڵاتان گەشەی کردووە، بە نموونە پێشتر میوانداریی ڕووداوە وەرزشییەکان بەم شێوەیەی ئێستا نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ زۆرێک لە وڵاتان ئاگاداری کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکانی گەشتیاری وەرزشین و خەریکە ئاراستەی کارکردنیان زیاتر دەبێت بەرەو ئەو سێکتەرە بە سوودە، بۆیە دەستیان کردووە بە وەبەرهێنان و گەشەی کەرتی گەشتیاری وەرزشی.
لەم کاتەدا لە زۆر شوێنی جیهان بە وڵاتانی دراوسێشمانەوە وەک هەنگاوی یەکەم کار لەسەر بنیادنانی کلتورێکی وەرزشی دەکەن کە گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەوە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، و کاردەکەن لە ڕێکخستنی بۆنە وەرزشییەکان بۆ خەڵک و بەشداربووان، بێگومان ئەمەش پێویستی بە هەوڵێکی بەردەوام و نەخشە ڕێگایەکی تۆکمە هەیە.

مەبەست لە گەشتوگوزاری وەرزشی چییە؟
گەشتیاری وەرزشی یەکێکە لە گرنگترین جۆرەکانی گەشتیاری لە جیهاندا، هەروەها ئامرازێکە بۆ بەرەو پێشبردنی شوێنە گەشتیارییەکان، دەبێت درک بەم ڕاستیە بکەین کاتێک سێکتەری گەشتیاری وەرزشی بەرەو پێشچوون بە خۆیەوە دەبینێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر گەشەسەندنی ئابووری، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە میوانداریی هەر چالاکییەکی وەرزشی دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان چی بکەین بۆ پێشکەوتنی گەشتیاری وەرزشی؟
ئێمە دەتوانین لە هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانمان چڕ بکەینەوە بە سوود وەرگرتن لە سروشتی دڵڕفێنی ناوچەکە و بوونی سەرچاوەی مرۆیی کە هەردووکیان دوو فاکتەری سەرەکین بۆ پێشخستنی گەشتیاری وەرزشی و بەرزکردنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێمەکەمان.

هەنگاوی یەکەم لە سەرەتا واچاکە ڕاوێژ بە پسپۆر و شارەزایانی ئەو بوارە بکرێت، تێبینی و سەرەنجەکانیان بە هەند وەربگیرێت، دوای ئەوە بە پشت بەستن بە زانیاری و ڕێنمایەکانی پسپۆران پلانێکی تۆکمە دابندرێت کە بگونجێت لە گەڵ هەڵکەوتەی جیۆگرافی کوردستان، دواتر بە شێوەیەکی ئەکادیمی دەست بکرێت بە لێکۆڵینەوە لە دیاری کردنی شوێن و چالاکی و جۆری وەرزشەکان کە بە پێی ناوچە و شوێن دەگۆڕێت کە چ وەرزشێک لە گەڵ چ شوێنیک دەگونجێت و ئامادەکاری بکرێت کە بە چ شێوەیەک پێشکەشی گەشتیارانی وەرزشی بکرێت و چۆن دەتوانن ئەو ستافەی لەم شوێنە گەشتیاریە وەرزشیانە کاردەکەن بە جوانترین شێوە مامەڵە لە گەڵ گەشتیاران بکەن بێگومان ئەمەش لەم کاتە ڕوودەدات کاتێک ستافێکی ڕاهێنراو بێت لە دوای بینینی چەندین خولی ڕاهێنان لە چۆنیەتی هەڵسوکەوتکردن و ئەتکێتی گەشتوگوزاری لە گەڵ گەشتیارانی وەرزشی.

گەشتیاری وەرزشی لە وڵاتانی جیهان تا چەند سوودی لێ وەرگیراوە؟
گەشتیاری وەرزشی بۆتە یەکێک لە گرنگترین سێکتەرە گەشتیارییەکان بۆ زۆرێک لە وڵاتان، بەو پێیەی چیتر گەشتوگوزاری وەرزشی لە چوار چێوەی جارانی نەماوە تەنها بۆ شوێنە مێژوویی و ئاینییەکان سنووردار بکرێت.
گەشتیاری وەرزشی کاریگەری زۆری لەسەر ناوچە جیۆگرافی و شوێنە جیاوازەکان هەیە بە تایبەت لە ڕووی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمەڵێک کەس و ناساندنی ئەو شوێنە بە گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەوە، ئەگەر بە نموونە باس بکەین چەندین شوێن هەیە لە وڵاتانی سویسرا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و چەندان وڵاتی تری ئەوڕوپی، یارییە وەرزشییەکان بوون بە هۆی ئەوەی کە گەشتیارێکی زۆر لە گەڵ خۆیان بهێنن بۆ وڵاتەکە. 
لە دەیەکانی ڕابردوودا تاوەکو ئەمڕۆ ئەوروپا وەک شوێنێک لە گەشتیاری وەرزشی پێشەنگی جیهانە، و گەشەی ئابووری لە ناوچەکەدا لە هەڵکشاندایە و لەوەش زیاتر هەر بەمە نەوەستاون بە سوود وەرگرتن لە جیۆگرافیا و سروشتی ناوچەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەگەڕێن و لە هەوڵی بەردەوامن لە دۆزینەوەی وەرزشی نوێ، جگە لەمەش توانیویانە کەڵک لە وەرز و سروشتيان وەربگرین بۆ هەر وەرزێک چەندین یاری تیادا ئەنجام بدەن و گەشتیارێکی بێ شومار لە خۆیان کۆ بکەنەوە.


چی بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە هەرێمی کوردستان گەشتیاری وەرزشی پێشبخرێت:

1- دانانی نەخشەڕێگایەکی گەشتیاری وەرزشی درێژخایەن و گونجاو بۆ هەرێمی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی کوردستان و شیکردنەوەی گشت بابەتەکانی پەیوەست بە گەشتیاری وەرزشی و دیاری کردنی خاڵە لاواز و ئەرێنییەکان لەم بابەتە.
 2- ئامانجی سەرەکی کارکردن بێت بە ئاراستەی زیادکردنی گەشتیاری وەرزشی بە دۆزینەوە و زانینی ئەو ڕێگایانەی وادەکەن کە گەشتیاری وەرزشی زیاتر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات.
3- بەرچاوخستن و پێشخستنی وەرزشە فۆڵکلۆرییەکان و ناساندنیان بە گەشتیاران و ئەنجامدانیان لە شوێن و کاتی گونجاو.
 4- باشترکردنی ژێرخانی وەرزشی وەک نۆژەنکردنەوەی هۆڵ و یاریگاکان و بردنی شەقام بۆ ناوچە شاخاوییەکان و ڕووبارەکان و دروستکردنی دەریاچەی دەستکرد و باشترکردنی ڕەوشی شوێنە وەرزشییەکان.
 5-حکومەت هەوڵ بدات لە پێناو باشترکردنی هۆکارەکانی هاتووچۆ بەگشتی، هۆتێل و میوانخانە و کافتریا و چێشتخانەکان و کارئاسانی بۆ بازرگانی وەرزشی بکات.
 6-پشتگیریکردنی وەرزش لە نێوخۆی هەرێم لە گرینگیدان بە یاریزان و تیپەکان و خول و پاڵەوانیەتییەکان لە گشت وەرزشەکان.
 7 -گرینگیدان بە کەسانی دەرچووی کۆلێژە وەرزشی و گەشتیارییەکان و بەشداریپێکردنیان لە خولی جۆراو جۆری شیاندن و بەرزبوونەوەی ئاستیان.
 8 -پێداچوونەوە بە هەندێ یاسا و ڕێنمایی کە بگونجێن لەگەڵ ئێستای گەشتیاری وەرزشی و لە پێناو کارئاسانی کردن لەبەردەم گەشتیارانی وەرزشی.
 9-هەڵگرتن و کەمکردنەوەی باج لە شوێنە گەشتیارییەکانی تایبەت بە یارییە وەرزشییەکان لە لایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە.
 10 - هەمەجۆری لە ئەنجامدانی پێشبڕکێ و چالاکییە وەرزشییەکان لە هەرێم.
 11- سوود وەرگرتن لە چیا و ڕووبار و بەفرو سروشتی جوانی کوردستان بە بەکەڵک وەرگرتن لێیان بە مەبەستی گەشتیاری وەرزشی بە ئەنجامدانی یارییەکانی شاخەوانی و پێشبڕکێی بەلەم و خلیسکانی سەر بەفر لەم شوێنانە.
 12-هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بە مەبەستی هێنانی گەشتیاری وەرزشی زیاتر بۆ هەرێمەکەمان.
 13-میوانداریکردنی چالاکی و خول و پاڵەوانیەتی وەرزشی جیهانی.
 14 -ڕێکخستنی فێستیڤاڵ و پێشبڕکێ و پاڵەوانیەتی وەرزشی بە شێوەیەکی زیاتر لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
 15- لە ڕێگای ڕاگەیاندن و ئامرەزەکانییەوە کاربکرێت بۆ ناساندنی سروشتی جوانی کوردستان بە جیهان و گونجاندنی ئەو شوێنانەی کە بۆ وەرزشە جۆراوجۆرەکان شیاو و لەبارن.
 16- لە ڕووی تەکنەلۆجییەوە شوێنە گەشتیارییە وەرزشییەکان ئامادە بوونیان هەبێت لە سەر نەخشە و ئەپی لەبار بۆ ئەم مەبەستە دروستبکرێت.
 17- حکوومەت هاندەر بێت بۆ وەبەرهێنەکان بە پشتگیریکردن لە پڕۆژەکانیان لە گەشتیاری وەرزشی و کارئاسانی بکرێت.
 18-هەماهەنگی کردن لە گەڵ گشت یەکێتییە وەرزشییەکان لە جیهان بە ئامانجی هێنانی پاڵەوانیەتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان.
 19 -داوەتکردن و بانگهێشتكردنی یاریزانان و هەڵبژاردەکان بۆ هەرێمی کوردستان لە یاریی و پاڵەوانیەتی جۆراو جۆردا.
 20-بەستنی کۆنفڕانس و وۆڕکشۆپ سەبارەت بە گەشتیاری وەرزشی بە ئامادەبوونی کەسانی خاوەن ئەزموون لەم بابەتە و کارکردن بە ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنفڕانسانە.
 21-زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەم بوارە لە ئاستی دامەزراوە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کە پەیوەستن بە گەشتیاری وەرزشی و زانکۆکان و ڕاگەیاندن دەتوانن فاکتەری ئەرێنی بن لە پێشکەوتنی ئەم سێکتەرە.

.
.

 

 

Fly Erbil Advertisment