عەلی عەلاق: هیچ پرۆسەیەکی ناردنی دۆلار لە عێراق بەبێ چاودێری نێودەوڵەتی بەڕێوە ناچێت

دۆلاری ئەمەریکی (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
دۆلاری ئەمەریکی (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕایدەگەیەنێت: دۆلار بۆ هەر کەسێک بەردەستە کە لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە داوای دەکات، دەشڵێت: هیچ پرۆسەیەکی ناردنی دۆلار لە عێراق، بەبێ چاودێری نێودەوڵەتی بەڕێوە ناچێت.

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند کە، دۆلار بۆ هەر کەسێک بەردەستە کە لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە داوای دەکات، هیچ پرۆسەیەکی ناردنی دۆلار بۆ دەرەوە بەبێ چاودێریی وردی نێودەوڵەتی بەڕێوەناچێت، جەختی لەوە کردەوە کە، عێراق خاوەنی یەدەگی فیدراڵیی خۆیەتی، دەتوانێت بەرگریی لە دابەزینی بەهای دراوەکەی بکات.

عەلی عەلاق گوتی: ئەمڕۆ بانکی ناوەندی دۆلاری لەڕێگەی هەموو کەناڵەکانەوە بۆ بازرگانان و گەشتیاران دابین کردووە، هەر نرخێک لە دەرەوەی نرخی فەرمی دۆلار بێت، ئاماژەی بۆ لەڕێ دەرچوونە.

گوتیشی: چاودێری وردمان خستووەتە سەر بەکارهێنانی دۆلار بۆ ئەوەی پرۆسەی وەرگرتن و ناردنی بەڕێگەی فەرمی بەڕێوەبچن، ئەمڕۆ هیچ پرۆسەیەکی ناردنی دۆلار لە عێراق، بەبێ چاودێری نێودەوڵەتی بەڕێوە ناچێت، دەشڵێت: نرخی دۆلار هیچ پەیوەندی بە نرخی نەوتەوە نییە، چونکە عێراق هێندە یەدەگی هەیە بەرگریی لە یەدەگەی بکات.