یەکێتی زانایان : ئێمە لەگەڵ پێشنیازی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراقدا نین

لۆگۆی یەکێتی زانایانی ئاینی ئسیلامی کوردستان
لۆگۆی یەکێتی زانایانی ئاینی ئسیلامی کوردستان

سەبارەت بەپێشنیازی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراق کە لەم ڕۆژانەدا هەوڵی پەسەندکردنی دەدرێت لەپەرلەمانی عێراقدا و دووجار خراوەتە بەرنامەی کارنامەی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەو پەسەندکردنی، ناڕەزاییەکی لەشەقامی عێراقدا لەنێوان لایەنگران و نەیاراندا دروستکردووە.

لەو بارەیەوە مەلا عەبدوڵڵا شیرکاوی گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان دەڵێت " یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام  لە کوردستان گرنگییەکی زۆر بە هەموو بابەتێکی ئایینی و پەیوەست بە لایەنی کەسی و خێزانی دەدات، پاش پێداچوونەوە بەپرسی هەموارکردنی ئەم یاسایە و خوێندنەوەی ئەو ماددانەی کە پێشنیازی هەموارکردنیان هەیە، دەبینین کە یاسای باری کەسی ژمارە 188 ی ساڵی 1959 کە لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگیراوە، توانیویەتی کاروباری خێزان ڕێکبخات و توانیویەتی هاوسەنگی و دادپەروەری لەنێوان پێکهاتە عێراقییەکان دروست بکات بە مەزهەب و نەتەوە و کەلتوورە جیاوازەکانەوە، وەک یاسایەکی مەدەنی مامەڵەی لەگەڵ هاووڵاتیان کرد و بووەتە سەرچاوەی ئاسایشی کۆمەڵگا و پاراستنی پەیوەندییە خێزانییەکان.

دەڵێت:  ئێمە پێمانوایە پێویست بە هەموارکردنی ئەم ماددانە ناکات و هیچ دەربازگەیەکی یاسایی نەبووە کە پێویستی بە هەموارکردنی ئەم یاسایە هەبێت.

مەلا عەبدوڵڵا شیرکاوی دەڵێت: لەم ڕوانگەیەوە پێمانوایە ئەم پڕۆژە پێشنیازە خزمەت بە کۆمەڵگا و خێزان ناکات، بەڵکو ئەنجامی خراپی بۆ عێراق و کوردستان و چەند مەبەستێکی دیکەی هەیە لەسەر بنەمای ئەوەی ئێمە لەگەڵ پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی نین، دەڵێت: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە لەبەر هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەن.