فیلمێکی کوردی بەشداریی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی لە ئیتاڵیا دەکات
بەڵگەفیلمی "وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" لە خولی حەوتەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی "storie parallele" لە ئیتاڵیا هەڵبژێردرا و پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات.
دیدار عومەر، نووسەری ئەو بەڵگەفیلمە، دەربارەی بەشدارییان لەو فێستیڤاڵە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئەو بەڵگەفیلمە بەشداری زۆرێک لە فێستیڤاڵەکانی کردووە و توانیویەتی خەڵات بەدەست بهێنێت، بەڵگەفیلمی "وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" لەچەندین فێستیڤاڵی تر لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەمەریکا و ڕووسیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا بەشدار بووە و لە زۆربەی فێستیڤاڵەکاندا خەڵاتمان بەدەست هێناوە.
نووسەری بەڵگە فیلمەکە گوتیشی: چیرۆکی بەڵگەفیلمەکە باس لە پیاوێک دەکات بە درێژایی 13 ساڵ لەو گۆڕستانە کار دەکات کە تایبەتە بەو ژنانەی کوژراون و بێناونیشانن، ئەو پیاوە گۆڕ هەڵکەنە، باخەوان و پاسەوانی ئەو گۆڕستانەیە.
بەڵگە فیلمی "وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" لەنووسینی دیدار عومەر هەمەوەندییە و دەرهێنانی ڕێکەوت حەمە تۆفیقە. ئەو بەڵگەفیلمە بەشداری زۆربەی فێستیڤاڵەکانی کردووە و خەڵاتی بەدەست هێناوە.