پشتیوان سادق: مامۆستایان لە شەڕی داعش ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە بۆ بەرپەرچ دانەوەی فکرەی توندڕەوی

د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان
د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە شەڕی داعشدا مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە بۆ بەرپەرچ دانەوەی فکرەی توندڕەوی و بەرگریی لە نیشتیمان.

یەکشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2024، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی لە دایکبوونی پێغەمبەر "د.خ" بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "کوردستان بە گشتیی و هەولێر بە تایبەتی، لەسەردەمی سوڵتان موزەفەرەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ جیاواز لە وڵاتنی دیکەی ئیسلامی ناوچەکە ئەم یادەی بەرز  و پیرۆز ڕاگرتووە".

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی گوتی: ساڵ دوای ساڵ مرۆڤ شانازی بەو میهرەجانەی لە دایکبوونەی پێغەمبەر دەکات، بەتایبەت ئەوەی خەڵکی هەولێر دەیکەن، هاووڵاتییان لەسەر ڕێبازی پێغەمبەر ئەو یادە دەکەنەوە، فەرموودەکان و هەڵسوکەوتەکانی پێغەمبەر فێرمان دەکات ئێمە چۆن خزمەتی مرۆڤایەتی بکەین و یەکتر قبووڵ بکەین.

دەشڵێت: لە ئیسلامدا ئێمە زۆر شت فێر دەبین، یەکێکیش لەوانە خزمەتکردنی مرۆڤایەتییە، خزمەتکردنی ئەو بەها ئیسلامییانەیە کە پێغەمبەر ئێمەی فێر کردووە، خەڵکی کوردستان لە شۆڕشەکانی دێر زەمانەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ سوودییان لە ڕووی نیشتیمانی و نەتەوەییەوە لە ڕێبازەی پێغەمبەر بینیوە.

پشتیوان سادق گوتیشی: ساڵی 1961 لە شۆڕشی ئەیلوول، بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی، ئەو شۆڕشە یەکێک لە هەرە پرەنسیپەکانی خزمەتکردنی پێکەوە ژیان و ئاینی ئیسلام بووە، لە شەڕی داعشدا مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە بۆ بەرپەرچ دانەوەی فکرەی توندڕەوی و بەرگریی لە نیشتیمان.