دژە تیرۆری کوردستان: لە مەخموور درۆنێکی تورکیا بنکەیەکی پەکەکەی بۆمباران کرد

لۆگۆی دژه‌ تیرۆری كوردستان
لۆگۆی دژه‌ تیرۆری كوردستان

دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، لە بۆمبارانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر بنکەیەکی چەکدارانی پەکەکە لە مەخموور، کەسێک کوژراو و دوانی دیکەش بریندار بوون.

دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، دووشەممە 16ی ئەیلوولی 2024، کاتژمێر 09:45 خولەکی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆمبارانی بنکەیەکی کۆبوونەوەی ئەندامانی پەکەکەی لە کەمپی مەخموور کرد و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراو و دوانی دیکەش بریندار بوون کە لە نێو کوژراو و بریندارەکاندا بەرپرسی پەکەکە هەیە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرەتا ڕێگە بە پۆلیسی مەخموور نەدراوە بچنە نێو کەمپەکە تا شوێنی بۆمبارانەکەیان پاککردووەتەوە؛ دواتر ڕێگەیان داوە و گوتوویانە: بوتڵی گاز تەقیوەتەوە! بەڵام سەرچاوەیەکی پۆلیسی مەخموور بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چەند پارچەیەکی مووشەک لە شوێنی تەقینەوەکە مابوون.

پێشتر، کاتژمێر 16:45 خولەکی ڕۆژی سێشەممە 10-09-2024، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ماڵێکی کەمپی مەخمووری بۆمباران کرد و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی سپارد و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

Fly Erbil Advertisment