شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆ دەبێتەوە

لۆگۆکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ
لۆگۆکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ

ئەمڕۆ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی مووچە و چەند پرسێکی دیکە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆ دەبێتەوە.

ئێوارەی دووشەممە، 16-09-2024، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک بەرپرسی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێک دێت؛ گەیشتە بەغدا و ئەمڕۆ سێشەممە، 17-09-2024، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی کۆ دەبێتەوە.

لەوبارەوە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "وەزارەتی دارایی و دیوانی چادێریی فیدراڵ لە ماوەی ڕابردوودا تێبینیان لەسەر لیستی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەبووە. تێبینییەکان دوو لایەنەن، هەروەها بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تێبینیانە و چارەکردنی ئەو کێشانەی کە بووەتە بەربەست لەبەردەم مووچەی مانگی حەوت کە بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتە مووچەی مانگی هەشت، لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕوونکردنەوە دراوە، سەبارەت بەو تێبینیانەی هەبووە، بەشێکی دیکەش پێویستی بە گفتوگۆ و هەنگاوی زیاتر هەیە".

بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، "مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەنێو بودجەی ساڵی 2024 دانراوە و تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەکان دەدرێن. ڕەنگە دابەشکردنی مووچەکە چەند ڕۆژێک بەهۆی تێبینییەکانەوە دوابکەوێت، بەڵام ئەوەی گرنگە هەموو مووچەکان بە تەواوی گرەنتی کراوە لەناو بودجەدا".

سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی خانەشینانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، نەرمین مەعروف، گوتی، "ئەوە کەوتووەتە سەر ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر ئەو پرسە، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بڕیاری دادگای فیدراڵییە، بۆیە خانەشینانی ئەمنی و پێشمەرگە هێشتا ماوە مووچەکانیان هاوتا بکرێت".

وەکوو ئەوەی نەرمین مەعروف ئاماژەی پێ دا، چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

چوارشەممە، 11-09-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەکە و بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایيی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکاندا، کۆمەڵێک بابەتی جێبایەخی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کەشێکی ڕاشکاوانە و ئەرێنیدا تاوتوێ کران، کە هەندێکیان بڕیاری هەنووکەییان لەبارەوە درا و ئەوانی تریش ڕاسپاردە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدرال کرا، و جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان كرا بۆ چارەکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە کۆبوونەوە و دیداری زیاتر هەیە.