مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا: دەبێت هەڵبژاردن دوور لە ساختەکاری و پێشێلکاریی بەڕێوە بچێت
سێشەمممە، 17-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئاندرۆ بیزلی، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو "بیروڕا لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاڵوگۆڕ کران".
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و دادپەرەرانە و دوور لە ساختەکاری و پێشێلکاری.
هەوڵەکانی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.