شاندێکی حکوومەت بۆ تاوتوێکردنی مووچەی دوو مانگ دەچێتە بەغدا

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی مووچەی دوو مانگی فەرمانبەران، دەچێتە بەغدا.

پێنجشەممە، 19-09-2024، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دووشەممەی داهاتوو، 23-09-2024، شاندێکی حکوومەت "بۆ تاوتوێکردنی هەردوو مووچەی مانگی هەشت و نۆ و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی" دەچێتە بەغدا.

 

 

ڕۆژی سێشەممە، 17-09-2024، ڕێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ کاروباری دارایی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، "لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو لیستی مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆ بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت و پێویستە وەزارەتەکەش لە ماوەی هەفتەیەکدا هەردوو مووچەکە خەرج بکات".

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوتیشی: کاتێک شاندەکەی بەغدا لە هەولێر بوون، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوە لەگەڵیاندا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە نابێت پرسی مووچە تێكەڵی پرسە سیاسییەکان بکرێت، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و مافەکانیان بۆ دابین بکرێت.

بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.