لە ئەڵمانیا ژمارەی پەنابەران گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی
ڕۆژنامەی Neue Osnabrücker Zeitung ئەڵمانی بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان بڵاویکردەوە، ژمارەی پەنابەران لە ئەڵمانیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە ئەڵمانیا دەژین گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ، ئەمەش لە کۆتایی نیوەی یەکەمی ساڵی 2024، بە گشتی نزیکەی 3.48 ملیۆن پەنابەر لە ئەڵمانیا دەژین و نزیکەی 60 هەزار کەس زیاترە لە کۆتایی ساڵی 2020 و 2023 کە ژمارەیەکی پێوانەییە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ژمارەیە بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵانی 1950وە.
بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی حکوومەتی فیدراڵی ڕوونی کردەوە لە نێو ئەو 3.48 ملیۆن پەنابەرەدا نزیکەی یەک ملیۆن و 18 هەزار ئۆکراینی هەن.
لە 9ـی ئەیلوول، نانسی ڤیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا فەرمانی دا، ڕێوشوێنی کۆنترۆڵکردنی کاتی لە سەرجەم سنوورە وشکانییەکانی ئەڵمانیا بۆ سنووردارکردنی کۆچبەران بگیرێتەبەر.
گفتوگۆ لەسەر سیاسەتی کۆچبەری ئەڵمانیا، دوای ئەو هێرشە تیرۆریستییەی لە 23ـی ئاب لە شاری سۆلینگەن ڕوویدا، توندتر بوو، کە گوایە لەلایەن هاووڵاتییەکی سورییەوە ئەنجامدراوە، بڕیاربوو لە ساڵی 2023دا لە ئەڵمانیا دیپۆرت بکرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سێ کەسی کوشت و هەشتی کەسی دیکەشی بریندارکرد.