قەرزی سەر حکوومەتی بەریتانیا گەیشتە 3.47 ترلیۆن دۆلار

لە 60 ساڵی ڕابردووەوە قەبارەی قەرزەکانی سەر حکوومەتی بەریتانیا گەیشتە بەرزترین ئاست.

بەپێی داتا فەرمییەکان، قەبارەی قەرزەکانی سەر حکومەتی بەریتانیا گەیشتووەتە سێ ترلیۆن و 470 ملیار دۆلار کە ئەوە نزیکەی 100%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە.

زیادبوونی قەرزەکانی سەر حکوومەتی بەریتانیا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامیی ڕێژەی کورتهێنانە لەو وڵاتە بەشێوەیەک کە وەزیری گەنجینەی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات کە جیاوازی نێوان داهات و خەرجییەکانیان گەیشتووەتە 22 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.

شارەزایانی ئابووریی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکەن؛ حکوومەتی بەریتانیا دەیەوێت بە زیادکردنی باج لەسەر هاووڵاتییان بەشێک لە کورتهێنان پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەوە ئەنجامێکی نەرێنیی دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و کێشە ئابوورییەکانی بەریتانیا قوڵتر دەکاتەوە.