لیستی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول گەیەنرایە بەغدا

پێشەوا هەورامانی: تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدا لە کۆبوونەوەدایە

مووچە
مووچە

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، تیمی تەکنیکی وزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کوبونەوەکانیان دەست پێ کردووە و لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوولیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەورامانی گوتیشی: هەرچەندە بڕیاربوو شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا، بەڵام تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئێستا لە بەغدایە کوبونەوەکانیان دەستی پێ کردووە و لیستی مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆ و میزانیەی مراجەعە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراقیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی داویین ئاپدێیتی بایۆمەتریشیان بردووە بەدواداچوون بۆ کورتهێنانی پارەی مانگی ئاب دەکەن کە وەزارەتی دارایی نەیناردووە و بڕەکەی زیاتر لە 240 ملیار دینارە و پرسیاری هۆی نەناردنەکەشی دەکەن.

چوونی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی کردەوە، کە 243 ملیار دینار لە مووچەی مانگی هەشت کورتهێنانیان هەیە و ئێستا 755 ملیار دینار لەبەردەستدایە.

هەروەها هونەر جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەی دابوو، کە وەزارەتەکەیان سەرقاڵی چارەکردنی ئەو کورتهێنانەیە کە لە مووچەی مانگی هەشتدا هەیە، بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن، ڕاشیگەیاندووە، بۆ مووچەی مانگی هەشت وەزارەتی دارایی و ئابووری پێویستی بە 948 ملیار دینار هەیە.