مانگی داهاتوو هەرێمی کوردستان بەشداریی پێشانگەی نێودەوڵەتی کشتوکاڵی فەرەنسا دەکات

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی لە پاریسەوە بە کوردستان24 ڕاگەیاند، مانگی داهاتوو هەرێمی کوردستان بە فەرمی بەشداری گەورەترین پێشانگەی نێودەوڵەتی کشتوکاڵی فەرەنسا دەکات و چەندین بەرهەمی خۆماڵی و ئۆرگانیکی کوردستان لە پێشانگەکەدا دەخرێنە ڕوو.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتیشی: بەشداربوون لە کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لەگەڵ پێشانگەی نێودەوڵەتی کشتوکاڵی فەرەنسا دەرگایەکی باش بۆ فراوان کردنی پیشەسازی و وەبەرهێنانی و بە بازاڕکردنی بەرهەمی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە داهاتوودا.

سەبارەت بە یەکەم کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، محەممەد شوکری گوتی: ئەمەی هەیە کۆڕبەندی گەورەپیشەسازان و بازرگانانی دەرەوەی فەرەنسایە، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی پلانێکی تۆکمە لە بارەی چۆنێتی بایەخدان بە پەیوەندییەکان لە داهاتوودا، چونکە لەم کۆڕبەندە چەندین کۆمپانیای فەرەنسی ئامادەیی خۆیان دەبڕیوە بەشداریی لە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن و سوود لە توانا و تایبەتمەندییەکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان وەربگرن.

گوتیشی: کارەکانی یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچوون زیاتر لەسەر سێ سێکتەری پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری گفتوگۆیان لەسەر کرا کە لە چوارچێوەی بایەخ و پلانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بەم کەرتانە بدرێت. هەر ئەمڕۆش گرێبەستێکی وەبەرهێنان لە نێوان کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیایەکی فەرەنسی ئیمزا دەکرێت.