کاروان سەباح هەورامی: بۆ کابینەی داهاتوو چەندین پرۆژە لەبواری ئاودا  لە سنووری هەڵەبجە جێبەجێ دەکەین

کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی ئاودێری
کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی ئاودێری

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ڕایدەگەیەنێت: بۆ کابینەی داهاتوو چەندین پرۆژە لەبواری ئاودا  لە سنووری هەڵەبجە جێبەجێ دەکەن.

شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران سەردانی هەڵەبجەیان کردووە.

دووشەممە 23ـی ئەیلوولی 2024، کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی  ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و فەرمانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بایەخدان بە سێکتەری ئاو  لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەستی پێکردووە و هەڵەبجە و دەورووبەریشی لەبیر نەکراون.

 کاروان سەباح هەورامی دەڵێت:  لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاتووینەتە ئەو ناوچەیە، بەتایبەت پۆندی پریس کە یەکێ لە پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم بووە لە  گوندەکە،  ساڵی پێشوو گوندەکە چۆڵ بوو و کەسی تێدا نەبوو، بەهۆی دروستکردنی ئەو پۆندەوە ئێستا  10 خێزان گەڕاونەتەوە کە خاوەنی سەدان سەر ئاژەڵن و سوود لەو پۆندە وەردەگرن.

دەڵێت: ئامانجی هاتنمان بۆ ناوچەکەیە ئەوەیە، دیراسەی ناوچەکە بکەین بۆ ئەوەی بزانین دەتوانین چەند پرۆژە لە ناوچەکە پێشنیاز بکەین کە پێویست بێت، بۆ ئەوەی لە کابینەی داهاتوودا  بۆ خزمەتکردنی سنوورەکە جێبەجێی بکەین لە هەڵەبجە و خورماڵ و  هەورامان و شارەزوور ، لە کابینەی داهاتوو فراوانتر  لەوەی هەولێر و دهۆک و  دەرورروبەری ئەو شارانە دەیانبینین، لە سنووری هەڵەبجە بەهەمان شێوە  دەستێکی فراوانی ئاوەدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بەو ناوچانە دەگات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2022 هەوڵی پاراستنی سامانی ئاوی داوە. ئامانجی یاساکەش بریتییە لە بەڕێوەبردن و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو بۆ گەیشتن بە باشترین شێوازی بەکاربردن؛ بووژاندنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و دیاریکردنی بڕ و جۆری بەکاربردن؛ ڕەچاوکردن و چەسپاندنی مافی هەرێم لە ئاوە هاوبەشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێ و چارەکردنی سەرچاوە ئاوییە پیسبووەکان و بایەخدان بە پاراستنی ژینگە.

لە هەرێمی کوردستان، حکوومەت دەستی بە دروستکردنی زیاتر لە 200 پۆند و بەنداو کردووە، بە جۆرێک ئێستا 21 بەنداو و 118 پۆند هەن. ئەم پۆند و بەنداوانە بۆ چەندین مەبەست سوودیان لێ دەبینرێت لەوانەش، گلدانەوەی ئاو، بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێریی و گەشتیاریی.

گۆڕانەکانی کەشوهەوا بووەتە مەترسییەکی جیهانی و بەردەوام هۆشداریی لەبارەیەوە دەدرێت، هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەدەر نین لە زیانەکان و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەر بوون، بە جۆرێک بە گوێرەی داتاکان، عێراق ساڵانە 250 کیلۆمەتر خاکی بەپیت لە دەست دەدات. هەر بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان.