قایمقامی شێخان: کەرتی پەروەردە لە شێخان دەبووژێتەوە
بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت دوو قوتابخانەی دیکە دروست دەکرێت
قایمقامی شارۆچکەی شێخان ڕایگەیاند، لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە چوار قوتابخانە دروست کراون.
سێشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2024، سەردار یەحیا، قایمقامی شارۆچکەی شێخان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە شێخان 157 قوتابخانە هەیە، لە تەمەنی کابینەی نۆیەم زیاتر لە چوار قوتابخانە دروست کراون، لەگەڵ هەندێک پرۆژەی دیکە ئێستە لە قۆناغی دروست کردندان.
قایمقامی شێخان گوتی: دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران بۆ دهۆک و شێخان بڕیاری لەسەر دروستکردنی دوو قوتابخانەی دیکە دا، لە هەفتەی داهاتوو بەردی بناغەیان دادەنرێت. جگە لەو پرۆژانە زیاتر لە 10 ملیار دیناری دابین کردووە بۆ شارۆچکەی شێخان.
دەشڵێت: لە سنووری شێخان لە کەرتی پەروەردە جگە لە پەیمانگا و زانکۆ کە لەو سنوورە هەن، زیاتر لە 36 هەزار قوتابی هەیە، بۆیە ئەم کەرتە کەرتێکی گرنگە پێویستە هەموولایەکمان هاوکار بین، لە کەرتی تایبەت و دەزگای خێرخوازی بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی زیاتر بایەخ بەم کەرتە بدەین.
سەردار یەحیا ڕاشیگەیاند "سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین لە هەموو بۆنە و یادێکدا پشتیوانیی چینی کەم دەرامەت و پشتیوانیی شارۆچکەی شێخانی بووە، لە هەموو کێشەیەک و کارەساتێکەوە".