كوردستان24 پڕۆژەیەكی وەرزشیی بۆ هاندانی یاریزانانی كورد راگەیاند
كوردستان24 بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق پڕۆژەیەكی وەرزشیی بۆ هاندانی یاریزانانی كورد رادەگەیەنێت، خەڵاتی هەفتانە و مانگانە پێشكەشی باشترین یاریزانی كوردی یانەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەكات، لە كۆتایی دا باشترین یاریزانی ساڵیش دەستنیشان دەكات.
كێ بڕیار لەسەر دەستنیشانكردنی باشترینەكان دەدات؟
دێسكی وەرزشی كوردستان24 بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەیەكی تایبەت، هەفتانە چاودێری سەرجەم یاریزانە كوردەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەكات، لە هەر یارییەك بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئاست و رۆڵ و كاریگەری یاریزانە كوردەكان دەكرێت، لە نێو لێژنەكەدا كەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەندی تێدا كە لەڕووی خوێندنەوە و شی كردنەوە بۆ ئاستی یاریزانەكان خاوەنی بڕوانامەی بەرزن و ئەزموونی راهێنەرایەتیشیان لەگەڵ یانە گەورەكانی خولی عێراق هەیە.
رێگای گەیشتن بە خەڵاتی پیاوی یاری؟
خەڵاتەكە بە ناوی "پیاوی یاری" دەدرێتە هەر یاریزانێك رۆڵێكی كاریگەری هەبێت لە سەرخستنی تیپەكەی، بۆ گەڕی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، شێركۆ كەریم كاپتنی یانەی هەولێر بووە براوەی یەكەمین خەڵاتی ئەم وەرزە، بەهۆی ئەوەی دوو گۆڵی لە یانەی دیالە كرد و یەكەمین سەركەوتنی بۆ یانەی هەولێر بەدەستهێنا، شێركۆ كەریم لەسەر وەرگرتنی خەڵاتی پیاوی یاری توانی دەنگی یەكەمی لێژنەكەی كوردستان24 بەدەست بهێنێت و گرەوەكەی لە ئەحمەد سەبری یاریزانی كوردی یانەی نەفت بردەوە كە لە دوایین خولەك، یانەكەی لە شكست رزگار كرد و گۆڵی بەرامبەربوونی لە تۆڕی گۆڵی گۆڵپارێزی كوردی یانەی نەجەف سەرهەنگ موحسین تۆمار كرد.
بە گوێرەی ئەو پێوەرانەی لێژنەكە دایناوە، مەرج نییە ئەو خەڵاتە تەنیا بەو یاریزانانە بدرێت كە گۆڵ تۆمار دەكەن، زۆرجار لەوانە گۆڵپارێزێكی كورد یان بەرگریكارێك ئاستێكی بەرز و كاریگەر پێشكەش بكەن و خەڵاتەكە ببەنەوە، زۆرجاریش لەوانە دوو یاریزانی كورد هەردوو كیان گۆڵ بكەن و ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن و سەركەوتن بۆ یانەكانیان بەدەستبهێنن، ئەوكات بۆ دەستنیشانكردنی باشترین یاریزانی هەفتە، ئاستی تیپی بەرامبەر و پێگەی لە ریزبەندی و شێوازی گۆڵتۆماركردنە دەكرێتە پێوەر بۆ یەكلاییكردنەوەی خەڵاتی پیاوی یاری.
خەڵاتی مانگانەی كوردستان24
بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە بە درێژایی یەك مانگ هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی یاریزانە كوردەكان دەكەین، رەنگە یاریزانێك دەرفەتی نەبێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی هەفتانە، بەڵام دەكرێت لە هەر یارییەك ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و خاڵەكانی كۆ بكاتەوە و نمرەكانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مانگانە زیاد بكات.
كوردستان24 پێشتریش وەكو یەكەمین دەزگای میدیایی كوردستان، هەفتانە باشترین یاریزان و راهێنەر و گۆڵپارێزی لە خولەكانی كوردستان دەستنیشان كردووە، جگە لەوەش جوانترین گۆڵی هەفتانەی لە رێگەی راپرسییەكانی هەڵبژاردووە.