سبەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرسی مووچە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم کۆ دەبێتەوە

ئاڵاکانی کوردستان و عێراق
ئاڵاکانی کوردستان و عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە سبەینێ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی مووچە، بودجە و ژمارەیەک پرسی دیکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم و ژمارەیەک وەزارەتی پەیوەندیداری دیکە کۆ بێتەوە.

سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەم شەو شاندی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەگاتە هەولێر و بڕیارە سبەینێ کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم و ژمارەیەک وەزارەتی پەیوەندیداری دیکە دەست پێبکات.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، شاندەکە مەبەستیانە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێککەوتنانەی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن، بە تایبەت لە دوای سەردانیکردنی شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی فیدراڵی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێم.

ناوبراو دەڵێت: تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی مووچە، بودجە، پرسی گومرگ، دۆسیەی نەوت و هەموو ئەو دۆسیانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە نێوان هەولێر و بەغدا بە هەڵواسراوی مابوویەوە.

هەر ئەمڕۆ، د. خەلیل غازی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئامانجی سەردانی شاندەکە بۆ هەولێر، بۆ ئەوەیە، تا لە نزیکەوە ئاگادار بن لە خستنەڕووی ژمارەیەک پێشنیاز بۆ چارەکردنی کێشە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment