هێمن هەورامی: پارتی شەر بۆ کوردستان دەکات، شەڕ بە کوردستان ناکات
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەڵێت: پارتی دەیەوێت دامەزراوەسازی بکات بۆ ئەوەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بباتە قۆناغێکی دیکە کە هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو بێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە ململانێی لاوەکی دەکەن.
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژدا، ڕایگەیاند: پارتی شتێک ناڵێت کە جێبەجێ نەکات و شتێکیش ناکات کە نەیگوتبێت. پارتی حزبێکە بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات و حزبی هەڵقوڵاوی ناخی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی، دەڵێت: پارتی حزبێکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی دۆزی ڕەوای خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست بووە، پارتی دوو ئەرکی سەرەکی لەسەر شانە؛ یەکەمیان: ئەرکی نەتەوەسازی. دووەمیان: ئەرکی دامەزراوەسازی.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، پارتی بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، داهێنەر و دەستپێشخەری سازدانی هەڵبژاردن بووە. پارتی حزبێکی گەلپەسەند و بۆ گەل دروستبووە و بۆ ئەویش خەبات دەکات. پارتی وەک هەندێک لایەنی دیکە بەڵێنێک نادات کە نەتوانێت جێبەجێی بکات.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە "پارتی، داهێنەری پرۆسەی دیموکراتی و هەڵبژاردنە لە کوردستاندا، هەروەها خەڵکی کوردستان دەبێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە ئایا متمانە بە پارتی دەکەن یان متمانە بەو هێزانە دەکەن کە تەنیا قسەی گەورە گەورە دەکەن. جیاوازیی نێوان پارتی و لایەنەکان ئەوەیە، پارتی هەمیشە کرداری لە قسەی زیاتر بووە".
هێمن هەورامی، گوتی: پارتی وەکو لایەنەکانی دیکە شەڕ بە خەڵکی کوردستان ناکات، بەڵکو شەڕ لە پێناو خەڵکی کوردستان دەکات. ڕوونیشی کردەوە "پارتی دەیەوێت دامەزراوەسازی بکات بۆ ئەوەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بباتە قۆناغێکی دیکە کە هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو بێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە ململانێی لاوەکی دەکەن.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، خەڵکی کوردستان بە گوتاری پۆپۆلیستی هەڵناخەڵەتێت، هەروەها خەڵک ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی دەوێت کە ئەم بنەمایانەی خزمەتکردن تەنیا لە پارتیدا هەن.