هێمن میرانی: عێراق بە بیانووی جیاواز کردنەوەی ئۆفیسی کارتی نیشتیمانی لە بالیسان ڕەت دەکاتەوە

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەت هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: وەزارەتی ناوخۆی عێراقی بە بیانووی جیاواز، کردنەوەی ئۆفیسی کارتی نیشتیمانی لە بالیسان ڕەت دەکاتەوە.
چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو هەواڵی ئەوەمان پێ گەیشت کە وەکو بەشێک لە کەمپەینی پێشوەختەی هەڵبژاردن، کۆمەڵێک تۆمەت و زانیاری بێبنەما لەسەر وەزارەتی ناوخۆ لە سنووری ناحیەی بالیسان بڵاو کراوەتەوە، ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە ئامادەبوونی لیوا دیدار عومەر، بەڕێوەبەری گشتی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان و عەمید سوهێل نەجمەددین، بەڕێوەبەری کارتی نشتیمانیی هەولێر و ڕۆندک فارس، پێشوازیمان لە ژمارەیەک ڕیشسپی و مامۆستای ئایینی و گەنجان وەکو نوێنەری خەڵکی ناحیەی بالیسان کرد.
دەڵێت: لە دانیشتنێکی کراوەدا هۆی نەگەڕاندنەوەی کارتی نیشتیمانی بۆ بالیسان و بابەتی فراوانکردنی نەخشەی گوندەکان و ڕێگەدان بە خەڵکی گوند کە خانوو بۆ خۆیان دروست بکەن، تاوتوێ کران.
گوتی: لەبارەی بابەتی یەکەم، لیوا دیدار عومەر و عمید سوهێل نەجمەددین، بۆ ئەو بابەتە بە وردی هەوڵەکانی وەزارەت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان ڕوون کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەی لە نزیکترین جێگا دەستیان بگاتە خزمەتگوزارییەکان؛ لەم پێناوەدا، بە دیکیومێنت ڕوونیان کردەوە کە وەزارەتی ناوخۆ لە چەند ساڵی ڕابردوودا دوو جار نووسراوی بۆ وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی ئۆفیسی کارتی نیشتیمانی لە بالیسان بکرێتەوە، بەڵام بە بیانووی جیاواز ڕەتکراوەتەوە.
هێمن میرانی دەڵێت: تیمی وەزارەت بەڵێنیان بە ئامادەبووان دا کە لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن لە پێناوی ئاسانکاریی بۆ ئەو مەبەستە.
دەربارەی بابەتی دروستکردنی خانووش لە گوندەکان، تیمی وەزارەت ئاماژەیان بە کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی شارەوانی و پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتی ئیدارەی سۆران و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و سەرۆک شارەوانیەکان کرد، کە لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ ئەوەی لە چوارچێوەیەکی یاساییدا ئاسانکاری بکرێت بۆ خەڵکی ڕەسەنی گوند تا بتوانن دوای فراوانبوونی خێزانەکانیان، خانووی نوێ دروست بکەن. بۆ ئەم مەبەستە دوو کۆبوونەوە کراوە و تیمەکان خەریکی دیراسەکردن و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاون بۆ ئەو بابەتە.