ئوسترالیا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات لوبنان جێ بهێڵن
ئوسترالیا داوای لە هاووڵاتیانی کرد لوبنان بەجێ بهێڵن، چونکە بە خراپتربوونی دۆخەکە، مەترسی داخستنی فڕۆکەخانەی بەیروت و دەرچوون لەو وڵاتە هەیە.
ئیسرائیل، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان فراوانتر کرد و لانیکەم 72 کەسی کوشت، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەری هێرشی زەمینی هەیە، هەروەها بەریتانیا هێزەکانی دەنێرێتە قوبرس بۆ ئەوەی پەیوەندی بە دوو کەشتییەوە بکات کە سەر بە هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیان ئامادەن یارمەتی ئەو هاووڵاتییانە بدەن کە لە لوبنان گیریان خواردووە.
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا بە سکای نیوزی ڕایگەیاند، حکوومەتەکەی پلانی بەپەلەی ئامادە کردووە کە ڕەنگە هاووڵاتییانی لە ڕێگەی زەریاییەوە بگوازێتەوە، بەڵام ڕەتی کردەوە وردەکارییەکان بخاتە ڕوو. دەشڵێت: ئێمە سەیری هەموو بژاردەکان دەکەین، بەڵام ڕوونە کە بابەتی ئاسایشی نیشتمانی هەیە.
پێنی وانگ وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: مەترسی ئەوە هەیە فڕۆکەخانەی بەیروت بۆ ماوەیەکی زۆر دابخرێت، هەروەها داوای لە هاووڵاتیانی ئوسترالیایی کرد ئەو وڵاتە جێ بهێڵن. وانگ ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی کۆ بووەتەوە و باسی پێویستی ئاگربەستیان لە لوبنان کردووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا نزیکەی 15 هەزار ئوسترالیایی لە لوبنان دەژین، ئەلبانیز لە بە کەناڵی ABC ڕاگەیاند، دەربازکردنی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیانمان کارێکی ئاسان نییە. گوتیشی: ئێمە لەڕێگەی ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانەوە، لەسەر ئەو بابەتە کۆدەبینەوە.
لە ساڵی 2006 ئوسترالیا لە کاتی شەڕی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل بە هاوکاریی لەگەڵ سووریا، ئوردن، قوبرس و تورکیا زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی خۆی و 1200 کەسی دیکەی بیانی لە بەندەرەکانی لوبنان گواستەوە، ڕێکارەکانی ساڵی 2006 گەورەترین ئۆپەراسیۆنی گواستنەوە بوو لە مێژووی ئوسترالیادا و کە 17 کەشتی و 22 فڕۆکە و زیاتر لە 470 پاس بۆ گواستنەوەی ئەو هاووڵاتیانە بەکارهێنرا.