وەزارەتی ناوخۆ بۆ پرسی کۆچ پشت بە رۆژنامەنووسان دەبەستێت

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە هاوبەشی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ، لە ڕاهێنانێکی دوو ڕۆژەدا بۆ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هەموو ئەو ڕێگایانەی خستە ڕوو کە دەکرێ ڕۆژنامەنووسان کاری میدیایی لەبارەوە بکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی.
ڕۆژانی 25 و 26ـی ئەیلوولی 2024، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆسەنتەری نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ، لە ڕاهێنانێکی دوو ڕۆژەدا بۆ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەناونیشانی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی کۆچ لە ڕێگای ڕاپۆرتی میدیایی، هەموو ئەو ڕێگایانەیان خستە ڕوو کە دەکرێ ڕۆژنامەنووسان کاری میدیایی لەبارەوە بکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی.
سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامانج لە ڕێکخستنی ئەو ڕاهێنانە بۆ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بەرزکردنەوەی هۆشیاریی و کاریگەریی دروستکردنە لەسەر دید و تێڕوانینی ئەو کەسانەی نیازی کۆچکردنی نایاساییان هەیە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، هاوکات کاریگەریی ڕاپۆرتی میدیاکاران لەسەر گۆڕینی ڕا و بڕیاری ئەوانەی دەیانەوێت کۆچی نایاسایی بکەن.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەڵێت: لەڕێگەی هەموو ئەو بابەتانەی کە لەڕێگەی ڕاهێنەرانەوە پێشکەش کران، مەبەست لێی ئەوەبوو، ڕۆژنامەنووسان باشتر کار لەسەر بابەتی کۆچ بکەن، بەتایبەتیش لەڕووی مرۆییەوە، لەگەڵ ئەوەش ڕۆژنامەنووسان ئاشنابن بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کۆچ، سەرباری نەهێشتنی گوتاری ڕک و کینە دژی کۆچبەران و دروستکردنی ڕاپۆرتی سەرنج ڕاکیش لەسەر پرسی کۆچبەران کە بتوانرێت لەڕێگەیەوە هاووڵاتییان هۆشیار ببنەوە لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی.
سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ کە ئۆفیسی سەرەکی لە ڤیەننای پایتەختی نەمسایە، ئۆفیسێکی لە هەرێمی کوردستان و یەکێکی دیکەشی لە بەغدایە، لە هەرێمی کوردستان سەنتەرەکە بە نزیکی کار لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی کۆچی نایاسایی.
بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕاهێنانە بە رۆژنامەنووسانی کوردستان، هەریەک لە وەزارەتی ناوخۆی نەمسا، وەزارەتی ناوخۆی بولگاریا، وەزارەتی دەرەوەی فینلاندا، وەزارەتی کۆچ و پەنابرێتی یۆنان، نووسینگەی فیدراڵی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا، پشتیوانی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ دەکەن.