ساسان عەونی: لە ‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ماسته‌رپلانی هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێ دەکرێت

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بوارەکانی کشتوکاڵی، پیشەسازی، گەشتیاری و ئاراستەی فراوانکردنی شار لە رەگەزەکانی ماستەر پلانەکەی هەڵەبجە لەبەرچاو دەگیرێن.

پێنجشەممە 26ـی ئەیلوولی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەیبەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەو کۆمپانیای ماستەر پلانی شاری هەڵەبجە جێبەجێ دەکات، کۆمپانیایەکی زۆر باش و پێشکەوتووە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشتریش چەندین ماستەرپلانیان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە؛ لەنێویشیاندا، پشتێنەی سەوزی هەولێر، لەگەڵ چەندین پرۆژەی گەورەی دیکە

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، بوارەکانی کشتوکاڵی، پیشەسازی، گەشتیاری و ئاراستەی فراوانکردنی شار لە ڕەگەزەکانی ماستەرپلانەکەن و لەبەرچاو دەگیرێن.

گوتیشی: ماستەرپلانەکە بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 450 ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت.

ساسان عەونی باسی لەوە کرد، هەماهەنگی و ئاسانکاریی تەواو لەنێوان فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەڵەبجەدا دەکرێت بۆ ئەوەی ماستەر پلانەکە بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێت.

پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی کرد کە گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە تەرخان بکرێت

جێبەجێکردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەبێتە هۆی بووژانەوە و پەرەپێدان و گەشەسەندنی شاری هەڵەبجە لە هەموو ڕوویەكەوە و دەبێتە بنەمای ژێرخانی شارەكە. ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی فراوانە و سەرجەم کەرتە گرنگەكانی شارەكە دەگرێتەوە و لە داهاتوودا هەڵەبجە قۆناغێكی نوێ و پێشكەوتوو بەخۆیەوە دەبینێت.

لە پڕۆژەی ماستەرپلانەكەدا، لایەنە كاریگەرەكانی وەكوو ئاراستەی فراوانبوونی شار و بەكارهێنانی زەوی و دیاریكردنی ناوچەی پیشەسازی، نیشتەجێ، كشتوكاڵی، گەشتیاری، بازرگانی، خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستەكان دیاری دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی فاكتەرە ژینگەیی، دیمۆگرافی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، تەندروستی و پەروەردەییەكان و چەندین بواری دیكەی پەیوەست بەو بابەتە، هەروەها پێگەی مێژوویی هەڵەبجە و ڕۆڵ و كاریگەری ئەم شارە لەبەرچاو دەگیرێت.

Fly Erbil Advertisment