سەردار کەرکووکی: بەفەرمانی کوڕی بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ڕفێندرام

هونەرمەندی میللی سەردار کەرکووکی، دوای گرتنی و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی لەلایەن چەند پێشمەرگەیەکی یەکەی 70 کە بەناوی ئاسایش دەستگیریان کردبوو لە کۆیە، داوا لە سەرۆکی حکوومەت دەکات بەهانایەوە بچێت.
سەردار کەرکووکی، هونەرمەندی میللی، بە کوردستان24ـی گوت: من شەوانە لایڤ دەکەمەوە و چاڵنج دەکەین لەگەڵ هاوڕێیان، بۆیە لە چاڵنجەکە ناوی بەرپرسێکی هەولێر و شاڵاوی کۆسرەت ڕەسولیان هێنا کە من کامەیانم خۆش دەوێ، منیش ئەو بەرپرسەی هەولێرم هەڵبژارد چونکە یارمەتی هەژاران دەدات.
گوتیشی: ئێمە لەو قسانەدا بووین لەلایڤەکەدا نەمام وەکو بڵێی"هاککرام"، دەشڵێت: کە دەمەوێت بخەوم دەرمانێکی دەروونیم هەیە بەکاری دەهێنم بۆ ئەوەی بتوانم بیرنەکەمەوە و بخەوم، دواتر کاتژمێر 12:30 خولەکی شەو هاوسەرەکەم لەخەو هەڵیستاندم شڵەژابوو و گوتی ئاسایش هاتووە.
سەردار کەرکووکی بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی ڕووداوەکە و گوتی: کەچووم دەرگا بکەمەوە، گوێم لەیەکێکیان بوو دەیگوت "پەتکی لە ملی بکەن" و سواری ئۆتۆمبێلی بکەن، منیش کە دەرگام کردەوە ئەو کەسەم ناسییەوە، دواتر کە چوومە ژوورەوە پانتۆڵەکەم لەبەرکەم پەیامێکم لە مۆبایلەکەم تۆمارکرد کە گوایە ئاسایشی کۆیە هاتوونە دەمبەن.
ئەو هونەرمەندە میللیە باسی لەوەش کرد، پێش چوونەدەرەوە بە هاوسەرەکەمم گوت ئەوانە پێشمەرگەی یەکەی 70ـن سەر بە لیوا ئەیوبن بۆ پاراستنی دەستەی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، گوتیشی: 50 مەترێک ڕۆیشتین چاویان بەستمەوە، منیش گوتم "خۆش ئاسایش"، دواتر منیان بردە "ئاقار" کە کەمێک دەمتوانی ببینیم، فۆردێکی ڕەش ڕاوەستا تۆزێک قسەیان کرد و هاتنەوە لێیاندام.
دەشڵێت: زۆریان لێدام ئازارێکی زۆرم پێگەیشت، هەرچەندە گوێم لە ئازارەکان نەبوو، بەڵام جنێوی خراپیان بە "شەرەف و نامووسم" دەدا کە پیاو شەرم لە خۆی دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەش دا، کە جنێویان پێدەدام و لێیان دەدام وەکو منداڵ هاوارم دەکرد و دەگریام، پێم گەتن بمکوژن بەس جنێو مەدەن.
سەردار کەرکووکی ڕاشیگەیاند، میلی دەمانچەکەیان هێنایەوە لەسەر سەرمیان دانا و گوتیان "شەهادەت" بێنە بۆ دووەمجار ئەوە دووبارە بوویەوە، منیش گوتم بیتەقێنە، چونکە تووشی حاڵەتێک بووم مردنم لەبیر نەما، دواتر منیان سواری پیکاب کرد و هێنامیانەوە نزیک ماڵەوە بەدووری 70 مەترێک، گوتیشی نیو کاتژمێرت لەبەردەستە لایڤ بکەوە و بڵێ " تۆبە من غەڵەت بووم، بژی یەکێتی" منیش گوتم نایکەمەوە.
دەشڵێت: من دوو ڕەگەزنامەی سویدی و یۆنانیم هەیە، سکاڵام کردووە، دواتر دەچمە کونسوڵیەی سوید و ئاگاداریان دەکەمەوە، داواش لە سەرۆکی حکوومەت دەکەم بێتە سەر خەت لەسەر ئەو ڕووداوە.