سەرۆک بارزانی: ئێزگەی دەنگی کوردستان هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ گەیاندنی پەیامی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان
K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی لە 61ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئێزگەکە کرد و هیوای خواست ئێزگەکە بەردەوام لە گەشەکردن و پێشکەوتندا بێت.
هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی 61ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەم ئێزگەیە، پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێوبەر، کارمەندانی ئێزگەکە، جەماوەر، لایەنگرانی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: ئیزگەکە یادگاری شیرین و کاریگەریی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، هیوادارم لە گەشەکردن و پێشکەوتندا بێت.
سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە، دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان لەو ڕۆژگارە سەخت و پڕ شانازییەدا، هەنگاوێکی گرنگ بوو لە گەیاندنی دەنگی شۆڕش و هەواڵەکانی نەبەردیی و داستانەکانی پێشمەرگە بە خەڵکی خۆڕاگری سەرانسەری کوردستان و ڕێگەیەکی سەردەمیانە بوو بۆ گەیاندنی پەیامی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بە ڕای گشتیی عێراق و ناوچەکە و جیهان.
سەرۆک بارزانی هەر لەم بۆنەیەدا، سوپاسی هەموو ئەو خەباتگێڕ و تێکۆشەران دەکات کە ڕۆڵیان لە بەردەوامی و زیندووهێشتنەوەی دەنگی دلێری ئێزگەی دەنگی کوردستاندا هەبووە.
هاوکات داوا دەکات، بەردەوام بن لە کارکردنی میدیایی ڕاستگۆ و سەنگین و دەستگرتن بە بەها نەتەوەیی و نیشتیمانی و مرۆڤانییەکان و بەردەوامی بەو نەهجە ئازاد و شۆڕشگێڕانە و دیموکراسیە بدەن کە ئەو ئێزگەیەی لە پێناودا دامەزراوە.