جیهان داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکات
سهرباریی گشت هۆشداری و داواكاریی وڵاتان بۆ ڕاگرتنی شەڕ، ئیسرائیل له هێرشهكانی بۆ سەر غەززە و باشووری لوبنان بهردهوامه.
سەرجەم وڵاتانی جیهان داوا لە ئیسرائیل دەکەن دەست لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە و باشووری لوبنان هەڵبگرێت؛ کەچی ئیسرائیل بێ باکانە بەردەوامە لە هێرشەکانی کە بەهۆیەوە ڕۆژانە دەیان هاووڵاتیی سڤیل دەکوژرێن و بریندار دەبن.
رۆبێرت گۆلۆب، سەرۆک وەزیرانی سلۆڤینیا، لە گوتاری کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "دەمەوێت بە دەنگێکی بەرز و ڕوون بە حکوومەتی ئیسرائیل بڵێم، ئەم خوێنڕێژییە ڕابگرن، ئەم نەهامەتییە ڕابگرن، بارمتەکان بگەڕێننەوە ماڵەوە و کۆتایی بە داگیرکاری بهێنن. بەڕێز ناتانیاهۆ، ئێستا ئەم جەنگە بوەستێنە".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد، زۆربەی سەرکردە و ئەندامانی بەشدار، وەک ناڕەزایی و هەڵویست، هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت؛ لەگەل ئەوەشدا، ناتانیاهۆ بێباکانە قسەی کرد و جەختی کردەوە، سوورن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان تا ئەو کاتەی ئامانجەکانیان بەدەست دەهێنن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی:پەیامێکم بۆ ستەمکارانی تاران هەیە، ئەگەر هێرشمان بکەنە سەر، ئێمەش هێرشتان دەکەینەوە سەر. هیچ شوێنێک لە ئێران نییە، کە دەستی درێژی ئیسرائیل پێ نەگات. ئەمە بۆ گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستە. ئەگەر پێداچوونەوە بە هەڕەشەکانی ئێران نەکرێت، هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە لە سەرجەم جیهان دەخاتە مەترسییەوە.
بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکەدا، هەر یەکە لە ئەمەریکا، یەکێتیی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی عەرەبی داوای ئاگربەستێکیان کرد بۆ ڕاگرتنی شەڕ بۆ 21 ڕۆژ، بەڵام ئیسرائیل هەر زوو ئاگربەستی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن، تا ئەو کاتەی هەموو ئامانجەکانیان بەدەست دەهێنن.