سوودانی سێ ڕۆژ ماتەمینیی گشتی ڕاگەیاند
بە بۆنەی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، حکوومەتی عێراق سێ ڕۆژ ماتەمینیی گشتی ڕاگەیاند.
شەممە، 28-09-2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بۆنەی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەو حزبە، سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاند.
دوێنێ هەینی، 27-09-2024، حەسەن نەسروڵلا و ژمارەیەک لە فەرماندەی سەربازیی حزبوڵلای لوبنانی و سوپای پاسدران، لە ئەنجامی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەیەکیان لە باشووری بەیرووت، کوژران.
ئەمڕۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی دۆخی لوبنان و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە سازکرد؛ لە ڕاگەیەندراوێکیشدا سەرکۆنەی کوژرانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنانی و "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان" کرد.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، دەزگای هەواڵگیریی ئیسرائیل (موساد) چەند مانگێک پێش ئێستا بە شوێنی مانەوەی حەسەن نەسروڵلای زانیوە، بەڵام دوێنێ بڕیاری کوشتنی ئەمینداریی گشتییی حزبوڵلایان دەرکردووە.
هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی جەنەراڵ عەباس نیلفوروشان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانی لە هێرشە ئاسمانییەکەی دوێنێ هەینی، 27-09-2024ـی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.
هێرتز هالیفی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی نەسروڵلا ڕایگەیاند "پەیامەکەمان ڕوونە، دەگەینە هەموو ئەو کەسانەی هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەن".
ماوەی چەند هەفتەیەکە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان بە ئامانجی کوشتنی بەرپرسانی حزبوڵلای لوبنانی چڕ کردووەتەوە و تاوەکوو ئێستا زۆرینەی بەرپرسانی حزبەکەی کوشتووە.