وەزیری پەروەردە: خێرا دەست بە ڕایی کردنی مامەڵەی مامۆستایانی گرێبەست بکرێت

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی پەروەردەی لە شار و شارۆچکەکان ئاگەدار کردووەتەوە، دەست بە ڕایی کردنی مامەڵەی مامۆستایانی گرێبەست بکەن.
یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی بەژمارە 26813، داوای لە پەروەردەکانی گشتی،هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجەی شەهید، زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین کردووە، دەست بەڕایی کردنی مامەڵەکان و گکردنەوەی دۆسێی تایبەت بە مامۆستایانی گرێبەست بکەن بەپێی فەرمانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی و ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە، دەستبەکاربوونیان لە 1ـی ئەیلوولی 2024 دەبێت و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەکرێت.
نووسراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە، پرۆسەی بە گرێبەست کردنی مامۆستایان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکان دەکرێت، دەشڵێت: پێویستە ئەو پرۆسەیە بە وردی و خێرایی جێبەجێ بکرێت.
لە پەیامێکی لاپەڕەی کەسیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە نووسیوویەتی:
فەرمانی گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ پێشتر فەرمانی وەزاری دەرچوێندراوە، پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەکان و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکان بە زوترین کات ئەو کارانە ئەنجامبدەن کە لە نووسراوەکە ئاماژەی بۆ کراوە.
